بەرەی کوردستانی سووریا: پشتگوێخستنی نەورۆز درێژەپێدەری سیاسەتی بەعسە لە سووریا

ژمارەیەک گەنجی کورد لە کاتی هەڵگرتنی مەشخەڵی ئاگری نەورۆز
ژمارەیەک گەنجی کورد لە کاتی هەڵگرتنی مەشخەڵی ئاگری نەورۆز

ئەمڕۆ دووشەممە، 06ـی تشرینی یەکەمی 2025، بەرەی کوردستانی سووریا لە ڕاگەیەنراوێکدا نیگەرانیی قووڵی خۆی بەرامبەر بە بڕیاری ژمارە (188)ی ساڵی 2025ـی سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا دەربڕی، کە جەژنی نەورۆزی وەک جەژنێکی نەتەوەیی کورد لە لیستی پشووە فەرمییەکاندا دەرهێناوە. 

بەرەی کوردستانی سووریا دەڵێت، ئەم بڕیارە "بەڵگەیەکی ڕوونە لەسەر بەردەوامیی هەمان ڕێبازە شۆڤێنییەکەی ڕژێمی بەعس کە هەوڵی سڕینەوەی ناسنامەی گەلی کورد و نکۆڵیکردنی مێژوو و مافە نەتەوەیی و کولتوورییەکانی داوە."

بەرەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، بە فەرمی نەکردنی جەژنی نەورۆز و بەردەوامبوون لەسەر ناونانی 21ی ئازار بە "جەژنی دایک"، درێژەپێدەری هەمان سیاسەتی ڕژێمی پێشووە کە هەوڵیداوە لە ڕێگەی ئەم ناوەوە هێمای نەورۆز بسڕێتەوە و واتاکەی بە هێمایەکی دەستکرد بگۆڕێت.

بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، جەژنی دایک لە سووریا لە 13ی ئایار بووە، لە کاتێکدا 21ی ئازار جەژنی نەورۆزە، کە دەبێت وەک جەژنێکی نیشتمانی لە سەرتاسەری سووریادا دانی پێدا بنرێت.

لە هەمان چوارچێوەدا، ڕاگەیەنراوەکە جەخت لەسەر پێویستیی دانپێدانان بە جەژنی سەری ساڵی ئێزدی (چوارشەممەی سوور) دەکاتەوە وەک پشوویەکی فەرمی بۆ خوشک و برا ئێزدییەکان. هەروەها داوا دەکات مافی پشوو وەرگرتنیان لەم ڕۆژەدا پێبدرێت، وەک ڕێزگرتنێک لە پیرۆزی و پێگەی ئایینی و ڕۆحیی ئەم بۆنەیە و لەسەر بنەمای یەکسانی نێوان سەرجەم پێکهاتەکانی سووریا و ڕێزگرتن لە تایبەتمەندییە کولتووری و ئایینییەکانیان.

بەرەی کوردستانی سووریا پێی وایە، بەردەوامبوون لەسەر نکۆڵیکردن لە مافە نەتەوەیی و کولتووری و ئایینییەکانی کورد، دەیسەلمێنێت کە حکوومەتی کاتیی نوێ لە چوارچێوەی سیاسەتەکانی پێشووی بەعس دەرنەچووە، بەڵکوو هەمان ڕێباز لە نکۆڵیکردنی بوونی کورد و پشتگوێخستنی ئازارە مێژووییەکانی پەیڕەو دەکات.

ڕاگەیەنراوەکە ئاماژە بە سەرژمێریی نائاسایی ساڵی 1962 دەکات کە بەهۆیەوە سەدان هەزار کورد لە ڕەگەزنامەی سووری بێبەش کران، هەروەها سیاسەتەکانی بەعەرەبکردن و گۆڕینی دیمۆگرافی کە ناوچەکانی کوردستانی سووریای کردە ئامانج و تا ئێستاش شوێنەوارەکانی ماونەتەوە.

لە کۆتاییدا، بەرەی کوردستانی سووریا هۆشداری دەدات کە پشتگوێخستنی هێما نەتەوەیی و ئایینییەکانی گەلی کورد، بەتایبەتی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی ئێزدی، خزمەت بە پرۆژەی سووریای نوێ ناکات کە هەمووان ئاواتی بۆ دەخوازن. دانپێدانان بەم بۆنانە بە تاقیکردنەوەیەکی ڕاستەقینە دادەنرێت بۆ سەلماندنی نیازپاکیی وتارەکان دەربارەی سووریایەکی نوێ کە لەسەر بنەمای یەکسانی، ڕێزگرتنی دوولایەنە و دادپەروەریی مێژوویی بۆ هەموو پێکهاتەکانی نیشتمان بونیاد بنرێت.

 
 
Fly Erbil Advertisment