پەرلەمانی عێراق بازنەکانی هەڵبژاردنی 16 پارێزگای پەسەند کرد

بۆ دوو پارێزگاكه‌ی دیكه‌ش چاوه‌ڕێی رێكه‌وتنی پێكهاته‌كان ده‌كرێت

K24- به‌غدا:

ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگی بە بازنەی هەڵبژاردنەکانی 16 پارێزگا دا و دەنگدان بە بازنەکانی هەڵبژاردنی پارێزگاکانی نەینەوا و کەرکووکیشی بۆ ماوەی 48 کاتژمێر دواخست، بۆ ئەوەی پێکهاتە نەتەوەيیەکانی ئەو دوو پارێزگایە لە سەر شێوازی بازنەی ھەڵبژاردن رێکبکەون.

له‌كاتێكیشدا پەرلەمانی عێراق سورە لە سەر ئەوەی ماددەی 15 لە پڕۆژە یاسای ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران تێپەرێنێت، چونکە ھەر بۆ ئەو مەبەستە زیاتر لە 10 رۆژە کۆبوونەوەکانی بە کراوەیی جێھێشتووە، تاکوو دوا ریکەوتنی لایەنە سیاسیەکان بگات بە ئەنجام و دواجار فرە بازنه‌یی لە ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی عێراق جێگیربکرێت، بەڵام وه‌ك ئەڵماس فازڵ، بڕیاردەری لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق ده‌ڵێت: ناکۆکیەکان تا دێت چڕ دەبنەوە و کورد ترسی ئەوەی ھەیە، لە ناوچە كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان دەنگه‌كانی بفه‌وتێن.

بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ فراکسیۆنە کوردستانیەکان و پەرلەمانتارانی کەرکووك و نەینەوا کۆبووەوە، تا لە سەر ئەوە رێکەوتن بۆ ماوەی 48 کاتژمێر دەنگدان بە فرەبازنەیی بۆ سنووری ئەو دوو پارێزگایە دوابخەن، بۆ ئەوەی لە سەر شێوازی بازنەی ھەڵبژاردنەکان بە پێی خواستی پێکھاتەكان رێکبکەون، خه‌سرۆ گۆران، بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستانیش دەڵێت: بە چاودێریەکی وردەوە کار بۆ ئەوە دەکەین، دەنگی کورد له‌و ناوچانه‌ بە فیڕۆ نەچێت.

خواستی شەقام و ناڕەزایەتییەکان لەوە چڕکراونەتەوە، کە تێپەراندنی یاسای ھەڵبژاردن لە پەرلەمانی عێراق و ھەڵبژاردنی پێشوەخته‌ بکرێت بە داواکاری سەرەکی خۆپیشاندەران، ئەو داواکاریەش لە ناو پەرلەماندا ھاوپەیمانی سائیرون پاڵپشتی دەکات، بەشێك لە پەرلەمانتارانیش پێیان وایە، سائیرون بۆ بەرژەوەندی خۆی فرە بازنەیی ده‌سه‌پێنێت.

H.B