ناتانیاهۆ: مووشەکەکانی ئێران دەتوانن بگەنە ئەمەریکا

لە لێدوانێکدا بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ڕایگەیاند، مووشەکە بەرهەمهێنراوەکانی ئێران "لە داهاتوودا دەتوانن بگەنە ئەمەریکا" و جەختی کردەوە "لە ڕاستیدا ئیسرائیل ئەمەریکا دەپارێزێت."

ناتانیاهۆ لە پۆدکاستێک لەگەڵ ڕۆژنامەنووسی جووی ئەمەریکی، بێن شاپیرۆ، تێیدا هۆشدارییەکی مەترسیداری لەسەر تواناکانی ئێران و ئامانجەکانی خستەڕوو.

بەگوێرەی ڕۆژنامەی "یەدیعۆت ئەحرۆنۆت"ی ئیسرائیلی، ناتانیاهۆ ئاشکرای کرد، "ئێران خەریکی پەرەپێدانی مووشەکێکە بە مەودای هەشت هەزار کیلۆمەتر و بە سێ هەزار کیلۆمەتری دیکە، دەتوانێت نیویۆرک، واشنتن، بۆستن، مایامی و تەنانەت مارالاگۆ، 'شوێنی نیشتەجێبوونی ترەمپ لە فلۆریدا'، بکاتە ئامانجی ئەتۆمی، بەڵام ئیسرائیل ڕێگری لەوە کرد."

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ئاماژەی بەوەشکرد، ئێران ئەو لایەنەیە هەوڵی پەرەپێدانی مووشەکی کیشوەر بڕی داوە بۆ ئەوەی 'هەڕەشە لە شارەکانی ئەمەریکا بکات' و گوتیشی: "ئێمە ئەم بەرنامەیەمان بە هاوکاریی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، نەهێشت."

لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا، ئیسرائیل هێرشێکی لەناکاو و فراوانی بۆ سەر ئێران دەستپێکرد، کە تێیدا دامەزراوە ئەتۆمییەکان، بنکە سەربازییەکان، و ژێرخانی بەرگریی ئەو وڵاتەی کردە ئامانج. تەلئەڤیڤ ڕایگەیاندبوو کە ئامانجی هێرشەکە تێکشکاندنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و لەناوبردنی ژێرخانی مووشەکیی ئەو وڵاتە بووە.

هاوکات، ئەمەریکاش هێرشی کردە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بە ئامانجی پەکخستنی تواناکانی و ڕێگریکردن لە گەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی.

لێدوانەکانی ناتانیاهۆ وەک هەوڵێک لێکدەدرێتەوە بۆ ئەوەی جەخت لەسەر ئەوە بکاتەوە کە شەڕی ئیسرائیل دژی ئێران تەنیا پاراستنی ئاسایشی خۆی نییە، بەڵکو خزمەتێکی گەورەشە بە ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکاش کردووە.

 
Fly Erbil Advertisment