سەرۆک کۆماری عێراق هۆشداریی لەبارەی کەمپی هۆل دەدات

ئەمڕۆ سێشەممە، 7ـی تشرینی یەکەمی 2025، لەتیف ڕەشید، سەرۆک کۆماری عێراق داوا لەو وڵاتانە دەکات کە هاووڵاتیان نیشتەجێی کەمپی هۆلن لە سووریا بە خێرایی بیانگەڕێننەوە وڵاتەکانیان، هۆشداریشیدا لەوەی کە ئەوکەمپانە ئەگەر وەک خۆیان بمێننەوە، دەبنە شوێنی "ڕق و کینە و تیرۆر."
سەرۆک کۆماری عێراق لە وتارێکدا باسی لەوەکرد، "کەمپی هۆل لە ڕۆژئاوای سووریا، ژینگەیەکی زۆر مەترسیداری هەیە، نزیکەی 10 هەزار توندڕەو و خێزانەکانیان لە زیاتر لە 60 وڵاتەوە لەو کەمپە نیشتەجێیە"، ئاماژەی بەوەشکردووە، "زەمینەیەکە بۆ بەخێوکردنی توندڕەوان، بەمەش ڕەنگە کارەساتێکی مرۆیی سەرهەڵداتەوە، هەروەها شکستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشە لە ڕووبەڕووبوونەوەی وێرانکارییەکان و شەڕ و تیرۆر و ئاوارەبوون."
گوتیشی: ئامانجمان ڕوون و بێ دووفاقییە، داخستنی کەمپی هۆڵ و کەمپەکانی هاوشێوە، ڕێگریکردن لە گەڕانەوەی تیرۆر و گەڕاندنەوەی هیوا و کەرامەت بۆ هەموو ئەوانەی ئازاریان چەشتووە.
سەرۆک کۆماری عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێمە هەست بەوە دەکەین کە یەکگرتنەوە و ئاشتەوایی نە کارێکی ئاسانە و نە خێرا. ئەوانەی لەم کەمپانە دەگەڕێنەوە پێویستی بە پشتیوانی درێژخایەن هەیە، بەڵام عێراق زۆر باش باجی بێکردەوەیی دەزانێت و بڕیاریداوە هەڵەکانی ڕابردوو دووبارە نەکاتەوە، بەڵکو ئەو ئالنگارییانە بگۆڕێت بۆ دەرفەتێکی ڕاستەقینە بۆ بەرەوپێشبردنی ئاشتی و چەسپاندنی سەقامگیری.
لەتیف ڕەشید لە درێژەی قسەکانیدا گوتی "بۆ ئەو هاوبەشانەی لە شەڕی دژی داعش لەگەڵمان وەستان، دەڵێین: کاتی ئەوە هاتووە ئێوە بۆ ئاشتییەکی بەردەوام لەگەڵمان بوەستن."
هەروەها گەڕانەوەی دانیشتوانی کەمپەکەی بە بەرپرسیارێتی هەمەلایەنە زانی و گوتی "دەبێت جیهان بە ئیرادە و هاوکاری ڕووبەڕووی ئەم قەیرانە ببێتەوە، نەک ترس و بێباکی."