منداڵانی بێناسنامە؛ قوربانیی یاسا نوێیەکانی پەروەردە لە ئێران

یاسا نوێیەکەی وەزارەتی پەروەردە و فێرکردنی ئێران دەربارەی ڕێگریی لە تۆمارکردنی منداڵانی بێناسنامە لە قوتابخانەکانی هەندێک پارێزگادا، بووەتە بەربەستێک لەبەردەم خوێندنی ئەو منداڵانەدا.

بە گوێرەی بڕیارێکی حکوومەتی ئێران لە ساڵی 2017دا، قوتابخانەکان دەتوانن بە گوێرەی بەرگەی ناسنامەی دەرچوون  کە لە لایەن قایمقامییەت و پارێزگای سیستان و بەلوجستان، یان دامەزراوەیەکی دەوڵەتی پشتگیریی کرابێت، منداڵانی بێناسنامە تۆمار بکەن. بەڵام مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ، بە بیانووی هەلومەرجی تایبەتیی پاش جەنگی 12 ڕۆژە، ئەو بڕیارە هەڵوەشاوەتەوە. بەڕێوەبەری هەندێک لە قوتابخانەکانی سیستان و بەلوجستان، کەسوکاری قوتابیانی بێناسنامەیان ئاگەدار کردووەتەوە، کە چیدی ناتوانن منداڵەکانیان بۆ ساڵی نوێی خوێندن، تۆمار بکەن. ئەمەش بووەتە هۆی بێبەش بوونی سەدان منداڵ لە خوێندن.

قوربانیانی یاسا نوێیەکە

ئەو خێزانانەی بوونەتە قوربانی ئەم یاسا نوێیە، دەڵێن "ژمارەیەکی زۆری ئێرانیی بێناسنامە لە پارێزگاکانی سیستان و بەلوجستان، خوراستان، گولستان، کرمان و ورمێ دەژین و تا ئێستەش ناتوانن ناسنامەی فەرمیی وڵات وەدەست بهێنن و بە گوێرەی ئەم بڕیارە نوێیەی وەزارەتی پەروەردە و فێرکردن، ژمارەی منداڵانی لە قوتابخانە دابڕاو زیاتر دەبن."

ساڵی 2017، ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی ئێران، ڕایانگەیاند "نزیکەی یەک ملیۆن کەس لە ئێراندا بیناسنامەن کە 400 هەزاریان منداڵن. زۆرینەی ئەوانەش دانیشتووی پارێزگای سیستان و بەلوجستانن. نەبوونی ناسنامە لەو پارێزگایەدا ڕەگ و ڕیشەیەکی مێژوویی، جوگرافی و فەرهەنگی هەیە. لە ڕابردوودا، دانیشتوانی گوند و ناوچە دوورەدەستەکانی ئەوێ، لەبەر نەبوونی ڕێگەوبان، نەخوێندەواری و نەزانینی گرنگیی ناسنامە، هەرگیز هەوڵی وەدەستهێنانی ناسنامەیان نەداوە.

ساڵی 2024، ئەندامێکی ئەنجوومەنی ناوچەی ناوەندیی دەشتیاری ڕایگەیاند "نزیکەی 98%ی ئەو کەسانەی ناسنامەیان نییە، لە خێزانە کەمداهاتەکان و چینەکانی خوارەوەی کۆمەڵگەن. ئەم خێزانانە نەک هەر لە سەرەتاییترین مافە هاوڵاتیبوونەکانیان وەک کردنەوەی هەژماری بانکی، یارمەتییەکانی ژیان و خزمەتگوزارییە ئەلیکترۆنییەکان بێبەرین، بەڵکو ئێستا منداڵەکانیشیان لە مافی خوێندن دابڕاون."

ڕێژەی بەرزی لەدایکبوون و پەرەسەندنی بێناسنامەیی لە ناوچە سنوورییەکان

کێشەی منداڵانی بێناسنامە لە پارێزگای سیستان و بەلوجستان کاتێک قەیراناویتر دەبێت کە ڕێژەی بەرزی لەدایکبوون لەم پارێزگایەدا لەبەرچاو بگرین. ئەم ڕێژە بەرزە، بەتایبەتی لەنێو خێزانە بێناسنامەکاندا، بووەتە هۆی زیادبوونی ژمارەی ئەو منداڵانەی کە لە خولی فەرمیی خوێندن و پەروەردە دەسڕێنەوە.

شارەزایان لەو باوەڕەدان کە بەشێکی گەورەی منداڵانی دابڕاو لە خوێندن لە ئێراندا، لەم پارێزگایەدا دەژین. حەسەن بروشکی، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سیستان و بەلوجستان، ساڵی ڕابردوو ڕایگەیاندبوو "10 هەزار قوتابی دابڕاو لە خوێندن گەڕێندراونەتەوە بۆ قوتابخانەکان، بەڵام لە سەرەتای ساڵی خوێندنی 2024، نزیکەی 40 هەزار منداڵ لە قۆناغەکانی سەرەتاییدا دەستنیشان کراون و هێشتا لە خوێندن بێبەرین. ئەم ئامارە کاتێک مانایەکی قووڵتر پەیدا دەکات کە بزانین ژمارەیەکی زۆر لە منداڵانی بێناسنامە لەم ئامارەدا لەبەرچاو نەگیراون و خەمڵاندنەکان دەری دەخەن ژمارەی ڕاستەقینە لەوانەیە لە 100 هەزار کەسیش تێپەڕ بکات."

لەم بارەیەوە، ئیسماعیل زەهی، یەکێک لە چالاکوانە کۆمەڵایەتییەکانی ناوچەکە، بە میدیا خۆجێییەکانی ڕاگەیاندووە "کەسانی بێناسنامە بەسەر دوو گرووپدا دابەش دەبن: گرووپی یەکەم ئەو ئێرانیانەن کە ناسنامەیان نییە و گرووپی دووەمیش بیانییەکانن کە دۆخیان دیارترە. لە ڕابردوودا دەرفەتی ناونووسکردنی منداڵانی گرووپی یەکەم ئاسانتر بوو، بەڵام ئەمساڵ ڕێکاری توند و نوێ بووەتە هۆی ئەوەی زۆرێکیان لە خوێندن بێبەش بن."

زەهی، جەختی لەوە کردەوە "بڕیار بوو پارێزگا و قایمقامییەت بە دەرکردنی نووسراوی پشتگیری، دەرفەتی ناونووسکردنی ئەم قوتابییانە دابین بکەن، بەڵام تا ئێستا هیچ گشتاندنێکی فەرمی لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە بە قوتابخانەکان ڕانەگەیەندراوە."

شارەزایانی کۆمەڵایەتی هۆشداری دەدەن لەوەی بێبەریی لە خوێندن تەنیا بە مانای دوورکەوتنەوە لە خوێندن نییە، بەڵکو لە داهاتوودا دەرەنجامی کۆمەڵایەتی و ئەمنیی بەرفراوانی لێ دەکەوێتەوە. لێکۆڵینەوەکان دەری دەخەن ئەو منداڵانەی بەهۆی هەژاری، جیاکاری یان نەبوونی ناسنامە لە خوێندن دادەبڕێن، لە داهاتوودا ڕووبەڕووی گرفتی دەروونی، کۆمەڵایەتی و تەنانەت مەیلی تاوانکاریش دەبنەوە. لە ناوچە سنوورییەکاندا کە ڕێژەی بێناسنامەیی بەرزترە، ئەم کێشەیە دەتوانێت ببێتە هەڕەشەیەکی پێکهاتەیی بۆ سەر ئاسایش و یەکپارچەیی کۆمەڵایەتیی ئێران.

دابڕان لە خوێندن؛ هەنگاوێک بەرەو هەژاری و تاوان

غوڵامڕەزا نەجەفی، جێگری کاروباری کۆمەڵایەتی لە سیستان و بەلوجستان، بە ئاماژەدان بە ڕۆڵی سیستەمی پەروەردە لە گەشەپێدانی بەردەوامی کۆمەڵگەدا، ڕایگەیاند "دابەشکردنی ناڕێکی قوتابخانەکان بەتایبەتی لە ناوچە گوندنشینەکاندا، بەردەوامیی هەندێک کولتووری نەریتی سەبارەت بە خوێندنی کچان لە قۆناغەکانی ناوەندی، کێشە بژێوییەکانی خێزانەکان و پێویستیی کارکردنی هەرزەکاران لە چالاکییە ئابوورییەکانی سنوور، لە گرنگترین هۆکانی وازهێنان لە خوێندنن لەم پارێزگایەدا."

نەجەفی، هەروەها ئاماژەی بە کەمیی قوتابخانە و ستافی وانەوتنەوە لە قۆناغەکانی ناوەندیدا، دیاردەی بەشوودانی منداڵان، لاوازیی شێوازەکانی پەروەردەکردنی منداڵ و کێشەکانی پەیوەست بە نەبوونی ناسنامە کرد و ئەم هۆکارانەی بە کۆمەڵێک ئاڵنگاریی پێکهاتەیی دانا کە سیستەمی پەروەردەی پارێزگاکەیان خستووەتە دۆخێکی قەیراناوییەوە.

بە گوتەی نەجەفی، نزیکەی 148 هەزار و 146 منداڵ و هەرزەکار‌ی تەمەن حەوت بۆ 18 ساڵ لە پارێزگای سیستان و بەلوجستان لە خوێندنی فەرمی بێبەری کراون. لەم ژمارەیە، 81 هەزار و 325 کەسیان کچ و 67 هەزار و 444 کەسیان کوڕن. ئەم ژمارە، هاوتایە لەگەڵ نزیکەی 14%ی دانیشتووانی منداڵان و هەرزەکارانی پارێزگاکە. بەپێی ئامارە فەرمییەکان، ڕێژەی وازهێنان لە خوێندن لە قۆناغی ناوەندیی دووەمدا بەشێوەیەکی نیگەرانکەر زیادی کردووە و نزیکەی 24%ی قوتابییانی تەمەن 15 بۆ 17 ساڵ چیتر ناگەڕێنەوە بۆ قوتابخانە.

شارەزایانی کۆمەڵایەتی هۆشداری لەوە دەدەن "ئاماری لەم شێوەیە نیشاندەری سەرهەڵدانی قەیرانێکی فرەلایەنەیە لە کۆمەڵگەیەکدا کە ناوچە بێبەشەکانی زیاتر لە هەر کاتێکی تر پێویستیان بە بەهێزکردنی توانستە پەروەردەییەکان هەیە." جێبەجێکردنی یاسا نوێیەکان سەبارەت بە ناونووسیی قوتابییانی بێناسنامە، بێبەریبوونی پەروەردەیی بەرفراوانتر کردووە. ئەم سیاسەتە نوێیە، پێچەوانەی بەڵێنەکانی حکوومەتی چواردەهەم و سەرۆک کۆمارەکەی، مەسعود پزیشکیانە، کە لە سەرەتای کارکردنیدا جەختی لەسەر "گەشەپێدانی دادپەروەری لە بواری پەروەردە و تەندروستیدا" کردبووەوە.

ڕەخنەگران ڕایانگەیاندووە کە قسەکانی ئەم دواییەی پزیشکیان کە گوتبووی "وا دابنێن حکوومەت نییە؛ خۆتان  ڕێگەیەک بۆ پەروەردەکردنی منداڵەکانتان بدۆزنەوە" ڕەنگدانەوەی ڕاستیی ئەمڕۆی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە؛ ڕاستییەک کە تێیدا حکوومەت لە بەرامبەر قەیرانە پەروەردەیی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکاندا، بە کردەوە گەیشتووەتە بنبەست. لە بارودۆخێکی وەهادا، منداڵانی بێناسنامە و بێبەری لە خوێندن، دەبنە قوربانییە بێدەنگەکانی سیاسەتە ناکارامەکان، کە نەک تەنها داهاتووی ئەوان، بەڵکو ئاسایشی کۆمەڵایەتیی ناوچە سنوورییەکانیش دەخاتە مەترسییەوە.

 

 

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment