قەتەر: دەبووایە ئێستا ئیسرائیل ئاگربەستی ڕاگەیاندبا

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ڕایگەیاند، بەگوێرەی پلانەکەی ترەمپ، دەبووایە ئێستا ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە ڕاگرتبایە.

سێشەممە 7ـی تشرینی یەکەمی 2025، ماجد ئەنساری، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ڕایگەیاند، بەگوێرەی پلانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەبووایە ئێستا ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنەکانی لە غەززە ڕاگرتبا. گوتیشی، "سەبارەت بە ئاگربەست، چاوەڕێی ئەنجامی دانوستانەکان لە ڕۆژانی داهاتوودا دەکەین."

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، جەختیشی کردووەتەوە، ئەگەر لێدوانەکانی، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەبارەی پابەندبوون بە پلانی ترەمپ ڕاستبووایە، دەبووا ئێستا ئاگربەست هەبێت.

هەروەها بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، 7ی تشرینی یەکەمی 2025 کەناڵی 'قاهیرە نیووز' کە سەر بە هەواڵگری میسرە ڕاگەیاندبوو، گەڕی یەکەمی دانوستانەکانی نێوان ناوبژیوانان و بزووتنەوەی حەماس لە شاری شرم شێخی میسر لە کەشێکی ئەرێنیدا کۆتایی پێهات.

پێشتر، بنیامین ناتانیاهۆ، پشتیوانی خۆی بۆ پلانی 20 خاڵیی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە ڕاگەیاندبوو و گوتی: "من پشتگیری لە پلانەکەت دەکەم بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی غەززە کە ئامانجە سەربازییەکانمان بەدی دێنێت."

 
Fly Erbil Advertisment