مەسرور بارزانی: پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوکاربێت بۆ قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی دەستی داعش
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە سەرۆکی تیمی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی لە تاوانەکانی داعش ( یونیتاد) دەکات
K24 - ھەولێر
ئەمڕۆ یەکشەممە 2020/10/25 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە کەریم ئەسەد ئەحمەد خان، ڕاوێژکاری تایبەتی و سەرۆکی تیمی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد UNITAD) کرد.
لە دیدارەکەدا پرۆسەی دادگاییکردنی تاوانبارانی داعش و پەرەپێدانی هەماهەنگیی نێوان دەسەڵاتی دادوەریی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی تاوتووێ کرا.
سەرۆکی تیمی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد) تیشکی خستە سەر دوایین ڕێکارە یاسایی و تەکنیكییەکانی دادگاییکردنی تاوانبارانی داعش لە سەر ئەو تاوانانەی بەرامبەر مرۆڤایەتی ئەنجامیان داوە.
ئاماژەشی بەوەدا کە ئامانج لەم دادگاییکردنە، پەند وەرگرتنە لەو تاوانانە و ڕێگەگرتنە لە دووبارەبوونەوەیان .
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، جەختی لەوە کردەوە کە هاوکات لەگەڵ دادگاییکردنی تاوانبارانی داعش، پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، هەماهەنگ و هاوکاريش بێت بۆ دۆزینەوەی میکانیزمێک، بۆ قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی دەستی تیرۆریستانی داعش و ئاوەدانکردنەوەی ئەو ناوچانەی، لە لایەن تیرۆریستانەوە وێران کراون، بۆ زەمینەخۆشکردن لە پێناو گەڕانەوە ئاوارەکان بۆ شوێنەکانیان.

