پەرلەمانتارێکی سووریا: بۆ ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکەمان، پێویستە سوود لە ئەزموونی هەرێمی کوردستان وەربگرین

پەرلەمانتارێکی سووریا، بۆ ئاوەدانکردنەوەی و نۆژەنکردنەوەی سووریا، بە پێویستی دەزانێت وڵاتەکەی سوود لە ئەزموونی هەرێمی کوردستان وەربگرێت.

ئەمڕۆ سێشەممە 7ی تشرینی یەکەمی 2025، محەممەد سیدۆ، پەرلەمانتاری سووریا، لە بارەی هەڵبژاردنی پەرلەمان و دووبارە ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکەی، وەڵامی کوردستان24ی دایەوە.

ئەو پەرلەمانتارەی سووریا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەری کوردستان24 ڕایگەیاند: پرۆسەی هەڵبژاردن لە سووریا لە کەشێکی ئارام و دیموکراسیدا بەڕێوە چوو.

پەرلەمانتارە کوردەکەی خەڵکی عەفرین، هیوای خواست ئاوارەکانی سووریا بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکەیان، هەروەها دووبارە بژێوی خەڵکی باش بکرێتەوە.

محەممەد سیدۆ، لە بارەی پەیوەندیی سووریا لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و هەرێمی کوردستان، گوتی: وڵاتەکەمان بە دۆخێکی زۆر سەخت و ناهەمواردا تێپەڕیوە، پێویستی بە ئاوەدانکردنەوە و نۆژەنکردنەوەی بە پەلە هەیە، بۆیە لەم ڕووەوە پێویستە سوود لە لە ئەزموونی هەرێمی کوردستان وەربگرین.

هاوکات ئاماژەی بەوە دا، هەرێمی کوردستان لە ڕووی خزمەتگوزارییەوە زۆر پێشکەوتووە، دەتوانین لە زۆر بواردا سوود لە ئەزموونی هەرێمی کوردستان وەربگرین، بۆ ئەوەی وڵاتەکەمان بگەیەنینە ئاستی وڵاتانی پێشکەوتوو.

لە بارەی لەخۆگرتنی ئاوارەکانی سووریا، محەممەد سیدۆ، ڕایگەیاند: سوپاسگوزاری هەموو ئەو وڵاتانەین بە هەرێمی کوردستانیشەوە کە باوەشیان بۆ خەڵکەکەی ئێمە کردووە و بە باشترین شێوە هاوکارییان کردن.

محەممەد سیدۆ، باسی لە بوومەلەرزەکەی ساڵی 2023 کرد، کە زیانێکی زۆری بە پارێزگاکانی ڕۆژئاوای کوردستان و شاری عەفرین بە تایبەتی گەیاند، هاوکات گوتی: دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە کاتی بوومەلەرزەکەدا هەموو هەوڵێکی خستەگەر بۆ ڕزگارکردن و هاوکاریکردنی خەڵکی عەفرین.

گوتیشی: زۆر سوپاسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەکەم، هیوای هەمیشە سەرکەوتن و بەردەوامییان بۆ دەخوازم.

 

ڕاپۆرت: ئاهورا قادی

 
Fly Erbil Advertisment