بەشێک لە گوتارەکەی مەسرور بارزانی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ کاندیدانی پارتی دیموکراتی کوردستان

ئەمڕۆ چوارشەممە، 8ـی تشرینی یەکەمی 2025، مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە هەولێر، لەگەڵ کاندیدانی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە.
ئەمەش بەشێک لە گوتارەکەی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان:
"لە سەرەتاوە من دەمەوێت دەستخۆشی لە هەمووتان بکەم و پیرۆزباییتان لێ بکەم و ئومێدی ئێمە و پارتیش هەمووی ئەوەیە کە ئێوەش لە ئاستی ئەو متمانەیە بن، ببن بە نوێنەرانی ڕاستەقینەی خەڵکی هەموو کوردستان، نەک تەنیا پارتی."
بە ڕەوشتێکی بەرزەوە دەچینە هەڵبژاردن بە شێوەیەک لە ئاستی کەسایەتی و مێژوو و ڕێبازی پارتی دابێت
"لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردن، هەر وەک جەنابی سەرۆکیش فەرموویەتی، پارتی ئاستەکەی دیارە. ئاستی پارتی وەکوو خەڵکانی دیکە نییە. ئێمە بە ئاست و ڕەوشتێکی بەرزەوە دەچینە هەڵبژاردن، نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی خەڵکی کوردستان دەبێت بە جۆرێک هەڵبژاردن یان کەمپینی هەڵبژاردن و بانگەشەی بکات، کە لە ئاستی کەسایەتی و مێژوو و ڕێبازی پارتی دابێت."
ئاستەنگێکی زۆر بە نووێنەرەکانی ئێمە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێڕاق دروست کرا
"بەداخەوە، بە تێپەڕبوونی کات، بە شێوەیەکی سیستماتیکی، دەور و کاریگەریی ئێمە لە بەغدا کەم کرایەوە. هەم نوێنەرەکانمان دوور خرانەوە، هەم ئاستەنگ و ئاڵنگاری بۆ نوێنەرانی ئێمە، لە ئەنجوومەنی نوێنەران، لە ئاستی وەزارەتەکان، لە ئاستی هەموو دامەزراوەکانی دیکەی حکوومەتی عێراق دروست کرا."
پارتی پارێزگاری لە خەڵکی کوردستان و هەموو عێراق کردووە
"ئەمجارە خەڵک، پارتی تاقی بکەنەوە و بزانن ئەگەر پارتی باڵادەست بێ لە بەغدا دەتوانێت چی بکات؛ و من دەتوانم ئەوەش بڵێم، پارتی نەک تەنیا پشتیوانی و پاڵپشتی و پارێزگاری لە مافەکانی خەڵکی کوردستان کردووە، بەڵکوو لە هەموو خەڵکی عێراقیشی کردووە."
پارێزگاکانی دیکەی عێراق بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان پەنایان بۆ سەرۆک بارزانی هێناوە
"ئەوانەی کە بێبەش بوون لە باشوور، باوەڕ بکەن، هەندێک پارێزگاری لە باشوور هەیە، لەسەر خێر و بەرەکەت دەژین، بە شێوەیەک هەموو وڵاتەکە لەسەر خێر و بەرەکەت دەژیت، ئەوان ئاوی خواردنەوەیان نەبوو، بەڵام ئێمە لێرە ئاوی خواردنەوەمان بۆ هەناردن. هاوکات لە پارێزگاکانی سوننە کە زۆر جار تووشی کێشە دەبوون، پەنایان بۆ سەرۆک بارزانی و کوردستان هێناوە."
لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ببنە دەنگی هەموو پێکهاتەیەک
"کەواتە ئەرکی ئێوە دوای هەڵبژاردنتان، لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، تەنیا دەنگدان نابێت بە پرۆژەیەک کە خەڵکی دیکە بیهێنێت. دەبێت خۆتان، سەرکردایەتیی ئەوە بکەن کە چۆن دەستوور بکەنە سەنگەری شێوازی حوکمڕانی لە عێراق، داوام لە ئێوە ئەوەیە کە لەوێ گەورەترین دەنگتان هەبێت، بەرزترین دەنگتان هەبێت. لەسەر هەموو خەڵک دەنگتان هەبێت، ئەگەر، خەڵکی دیکە دەیەوێت بابەتی بیشارێتەوە، قسەی لەسەر نەکات. ئێوە قبووڵی مەکەن. پارێزگاری لە مافی تورکمان، کریستیان، شیعە، سوننە، کورد، پێکەوەژیان و حوکمڕانیی فیدراڵی بکەن."
حکوومەتی ناوەندی بوونی نییە
"ئێوە دەبێت ڕووبەڕووی ئەم دیاردە ناشرینە ببنەوە کە پێی دەڵێن حکوومەتی ناوەندی. حکوومەتی ناوەندی بوونی نییە لە عێراقی نوێدا. دەستوور ناڵێت حکوومەتی ناوەندی، بەغدا حکوومەتی ناوەندی نییە. لێرەدا حکوومەتی فیدراڵی هەیە. کە لە بەغدا و حکوومەتی هەرێم و پارێزگاکان پێکهاتووە. ئێمە چەندین حکوومەتمان هەیە کە سیستەمی فیدراڵی بەڕێوە دەبەن. دەبێت پێداگری لەسەر ئەوە بکەن."
سەرۆک بارزانی نەبووایە، ئێستا شتێک بە ناوی قەوارەی هەرێمی کوردستان نەدەما.
"جێگای قبووڵ نییە کە لایەن پێی وا بێت ئەو خاوەنی ئەم وڵاتەیە و ئێمەش پاشکۆین. پاشکۆیەتیمان نە قبووڵ کردووە نە قبووڵی دەکەین. ئەگەر پێداگری و ڕابەرایەتیی سەرۆک بارزانی نەبووایە، ئێستا شتێک بە ناوی قەوارەی هەرێمی کوردستان نەدەما. هەموومان ڕادەست دەکرد. بەڵام ئێوە بوون، حیزبەکەی ئێوە بوو، سەرۆکی ئێوە بوو، کە وای کرد ئێمە هەم ئەزموونەکەمان بپارێزین، هەم نموونەیەکی زۆر سەرکەوتووش لەم ئەزموونە دروست بکەین."
ئامادەین لە ڕیفۆرم هاوکاری عێڕاق بکەین
"لەبارەی دەستکەوتەکان، لەو ماوەی ڕابردوودا، ئەگەر تەماشا بکەن، من چەند شتێکتان بۆ باس بکەم: کارەبا، ئاو، ڕێگا و بان، هەژماری من، سەوزایی، بە دیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکان. ئەمانە هەموویان دەستکەوتی زۆر زۆر گەورەن. ئێمە ئامادەین یارمەتیی هەموو عێراق بدەین بۆ ئەم ڕیفۆرمانەی کە لە کوردستان ئەنجاممان داوە."
ببنە نوێنەرانی ڕاستەقینەی خەڵکی کوردستان
"بابەتی ئاو. ئێستا زیاتر لە 23 بەنداو و چەندین پۆندی دیکەشمان دروست کردووە لە سەرتاسەری کوردستان و بەرنامەی تریشمان هەیە لە دروستکردن. ئێمە بۆ ئەوەی بە هەموو جیهان بڵێین کە هەڵەبجە بۆ ئێمە نموونەی قوربانیدان و شاری شەهیدانە، وامان کرد کە یەکەم پرۆژەی ئاو و کارەبای 24 کاتژمێری هەموو پارێزگای هەڵەبجە بگرێتەوە.بابەتی ڕێگا و بان. ئێستا دەبینین کە زۆربەی شارەکانمان بوونەتە خاوەنی شەقامی دووسایدی و شەقامی خێرا.بابەتی پشتێنەی سەوزایی، ئەوەی کە ئێستا نەک تەنیا لە شارێک، بەڵکوو لە هەموو شارەکانمان بەرنامەمان هەبووە بۆ دروستکردنی پارک و زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی کە بگاتە ئاستێکی نێودەوڵەتی. لە کاتێکی زوو، هەولێر ئێمە لە ڕێژەی ستاندارد تێدەپەڕین. بابەتی بە دیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکان، خێراکردنی، من ناڵێم ئێمە گەیشتووینەتە قۆناغی کۆتایی، هێشتا زۆرمان ماوە. بەڵام پرۆسەیەکمان دەست پێکردووە بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین لە ئاستێکی نێودەوڵەتی خۆمان بگونجێنین و ئاستی خزمەتگوزارییەکان وا لێ بکەین هاووڵاتی زەرەر و زیانی پێنەکەوێت، یان ئاسوودە بێ لە شێوازی پێشوازی کردن لە ئیدارەکانی حکوومەت و بەڕاییکردنی کارەکانیان. بابەتی هەژماری من. هەژماری من تەنیا ڕاکێشانی پارە و پێدانی مووچە نییە. کردنەوەی حیسابی بانکییە بۆ هەموو هاووڵاتییەک کە هەموو خزمەتگوزارییەکانی کارتی و بانکی بۆ هاووڵاتی تێیدا دابین دەکرێت. مەسەلەی کارەبا، جگە لەوەی سەرئێشەی دووکەڵ و کارەبا هاتو و چوو و سەلاجە سووتا و تەلەڤزیۆن سووتا و سێرکت دابەزی و دووکەڵ و کێشە و مشتومڕ کردن لەگەڵ خاوەن مۆلیدەکان، ئەمە هەمووی چارە کرا."
"ئێستا ئەوە هەمووی نەماوە. ئەو پارەی کە دەدرێتە مۆلیدە کەمترە لەوەی وا بۆ حکوومەت بگەڕێتەوە. هەرکەسێک خاوەنی حیسابی بانکی خۆی بێت، دەتوانێت بە تەلەفۆن پارەکەی خۆی بۆ حکومەت بنێرێت کە کەمترە لەوەی پێشووتر دەیدا."
"جارێکی دیکە پیرۆزباییتان لێ دەکەم بۆ ئەوەی کە هەڵبژێردراون لە لایەن پارتییەوە و هیوادارم متمانەی خەڵکی کوردستان بەدەست بهێنن و ببن بە نوێنەرانی ڕاستەقینەی خەڵکی کوردستان و هەموو عێراق لە پەرلەمانی داهاتووی عێراق. هەر سەرکەوتوو بن."