ترەمپ: ڕەنگە لە سەرەتایی هەفتەی داهاتوو سەردانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەم

سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، گفتوگۆیەکانیان لەگەڵ حەماس و وڵاتانی عەرەبی و موسڵمان زۆر بە باشی بەڕێوە دەچن، ڕەنگە لە سەرەتایی هەفتەی داهاتوو سەردانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەم
چوارشەممە 8ـی تشرینی یەکەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، ڕایگەیاند، گفتوگۆکان لەگەڵ حەماس و وڵاتانی ناوچەکە "زۆر بە باشی بەڕێوە دەچن" و "ئەگەرێکی زۆر باش هەیە" بگەینە ئەنجامێکی باش.
ترەمپ ئاماژەی بەوەش دا، لەوانەیە لە سەرەتایی هەفتەدا، "ڕەنگە لە ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو،" بچێتە شوێنی میسر شوێنی بەڕێوەچوونی دانوستانەکانی حەماس و ئیسرائیل.
هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە "وڵاتە موسڵمانەکان و عەرەبییەکان" بەشدارن لەم هەوڵانەدا، کە وڵاتی "زۆر دەوڵەمەند و هەندێکی دیکەش کە ئەوەندە دەوڵەمەند نین" گوتیشی "نزیکەی هەموو لایەنێک لەم هەوڵە بەشدارە."
ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ چوارشەممە لە هاوینەهەواری شرم شێخ لە میسر، گەڕی دووەمی دانوستانی ناڕاستەوخۆی نێوان شاندی ئیسرائیل و حەماس بەڕێوە دەچێت، بە گوێڕەی زانیارییەکان بۆ دانوستانەکە شاندی هەریەکە لە وڵاتانی ئەمەریکا، تورکیا و قەتەر بەشدار دەبن و لە نزیکەوە چاودێری دانوستانەکە دەکەن؛ سەرۆک محەممەد عەبدولڕەحمانی، وەزیرانی قەتەر، لە لایەکی دیکەوە دۆناڵد ترەمپ، جارید کۆشنەر ڕاوێژکار و زاواکەی خۆی لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ناردووە، هاوکات ئیبراهیم کاڵن سەرۆکی هەواڵگریی تورکیاش بەشدار دەبن.
هەروەها بەرەبەیانی ڕۆژیسێشەممە، 7ـی تشرینی یەکەمی 2025 کەناڵی 'قاهیرە نیووز' کە سەر بە هەواڵگری میسرە ڕاگەیاندبوو، گەڕی یەکەمی دانوستانەکانی نێوان ناوبژیوانان و بزووتنەوەی حەماس لە شاری شرم شێخی میسر لە کەشێکی ئەرێنیدا کۆتایی پێهات.