بانگەشەی هەڵبژاردن بە گەرمیی دەستی پێ کردووە
شەقامەکان پڕبوون لە دروشم و وێنەی کاندیدانی بۆ هەلبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق.
بانگەشە، وەک مافێک بە کاندیدان دراوە تا هەم لیست و هەمیش خۆیان بەدەنگدەران بناسێنن.
بە بڕوای هەندێک لە چاودێران و شارەزایانی سیاسەت، هەلبژاردنەکان لەسەر ئاستی عێراق سازن و پێویستە دەنگدەران متمانە بەو لایەنەنانە بدەن کە داکۆکی لە مافەکانیان دەکەن.
سەردار قادر، پسپۆری سیاسەت و مامۆستای زانکۆ، بە کوردستان24ـی گوت: دەبێت ئەو پرسیارە لە خۆمان بکەین کێن ئەوانەی دەتوانن لە پەرلەمانی عێراق بەرگریی لە مافەکانمان بکەن؟
کێن ئەوانەی لە ڕوانگەی دەستوورییەوە دەتوانن داخوازیی و شایستەکانمان وەدەست بهێنن؟
کەسێک دەبێتە پەرلەمانتار، دەبێت بتوانێت بەرەنگاری ئەوانە ببێتەوە کە دەیانەوێ قەوارەی هەرێمی کوردستان هەڵوەشێننەوە.
زیرەک کەمال، چاودێری سیاسی، دەڵێت: یەکێتی و یەکدەنگیی بەردی بناغەی سەرکەوتنی کوردە لە بەغدا. نوێنەرانی ئێمە دەبێت پێش هەموو شتێک نوێنەری خەڵکی کوردستان بن و لە پێناو مافە دەستوورییەکانماندا یەکدەنگ و یەکهەڵوێست بن. ئێمە کەس و لایەنمان لە پەرلەمانی عێراقدا هەیە کە پاساو بۆ کارە نایاساییەکانی حکوومەتی عێراق بەرانبەر بەمافە دەستوورییەکانی گەلەکەمان، دەهێننەوە.
پارتی دیموکراتی کوردستان بە دروشمی هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان کە سێ بنەمای نووسینی دەستووری عێراقن، بەشداری لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراقدا دەکات.
چاودێران لایانوایە، ئەو لایەنەی داکۆکیکاری سەرسەختی مافەکانی خەڵک و پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و جێبەجێکردنی دەستوورە، پێویستە بژاردەی سەرەکیی دەنگدەران بێت.