بەریتانیا داوای جێبەجێکردنی تەواوی پلانی ئاشتی غەززە دەکات

کییەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ڕایگەیاند، دڵخۆشم بە ڕێککەوتنی ئیسرائیل و حەماس، گوتیشی: یەکەم هەنگاوی پلانەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ ئاشتی بە ئەرێنی کۆتایی هات، بۆیە داواکارم تەواوی پلانی ئاشتی بە بێ دواکەوتن جێ بەجێ بکرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 9ـی تشرینی یەکەمی 2025، کییەر ستارمەر سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، پێشوازی لە ڕێککەوتنی نێوان ئیسرائیل و حەماس دەکەم، کە لە قۆناغی یەکەمدا هەردوولا هەنگاوی باشیان ناوە بۆ پڕۆسەی ئاشتی و ڕاگرتنی شەڕی غەززە، ئەمەش لە چوارچێوەی پلانەکەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکاوە سەرچاوەی گرتووە. 

ستارمەر ئاماژەی بەوەشداوە، پێویستە ئیسرائیل و حەماس پابەند بن بە جێ بەجێ کردنی تەواوی پلانەکە، هەروەها نابێ پڕۆسەکە دوا بخرێت، لە هەمان کاتدا دەبێت سەرجەم ئەو ڕێگریانەی لە لایەن ئیسرائیلەوە دانراون بۆ گەیشتنی هاوکاریی مرۆیی بە کەرتی غەززە هەڵبگیرێن، ئەمەش لە پێناوی ڕزگارکردنی ژیانی ئەو خەڵکەی کە لە غەززەدا ماون. 

بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 9ـی تشرینی یەکەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی 'تروس سۆشیاڵ' ڕایگەیاند، بە خۆشاڵیەوە پێتان ڕادەگەیەنم ئیسرائیل و حەماس واژۆیان لە سەر بەشی یەکەمی پلانی ئاشتی کردووە و ڕێککەوتوون، ئەمەش مانای ئەوەیە کە بارمتەکان بەمزووانە ئازاد دەکرێن، ئاماژەی بەوەشکرد، ئیسرائیل هێزەکانی دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەو هێڵانەی کە ڕێککەوتنی لە سەر کراوە.

ترەمپ جەختیشیکردەوە، ئەمڕۆ ڕۆژێکی گەورەیە بۆ تەواوی جیهان، بە تایبەتی جیهانی ئیسلامی، هەروەها بۆ ئیسرائیل و وڵاتانی دراوسێی، لە هەمان کاتدا سوپاسی نێوەندگیری میسر، قەتەر و تورکیا دەکەین بۆ بەرەوپێش بردن و هاوکاریی سەرخستنی پڕۆسەی ئاشتی کەرتی غەززە.

 
Fly Erbil Advertisment