بەرگریی شارستانی غەززە هۆشداریی دەداتە ئاوارەکان

بەرگریی شارستانی غەززە بەو هاووڵاتیانەی ڕاگەیاندووە، کە ئاوارەی ناوچەی باشووری کەرتی غەززە بوون، لەم کاتەدا مەگەڕێنەوە بۆ شارەکە، تاوەکو لایەنی پەیوەندار وادەی گەڕانەوەتان بە فەرمی پێ ڕادەگەیەنن، چونکە شارەکە لە لایەن ئیسرائیلەوە چۆڵ نەکراوە و ژیانتان دەکەوێتە مەترسیەوە.
پێنجشەممە، 9ـی تشرینی یەکەمی 2025، بەرگریی شارستانی غەززە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا هاتووە، داوا لەو هاووڵاتیانە دەکەین لە ناو شاری غەززە ماونەتەوە، بە هیچ شێویەک ڕوو لەو ناوچانە نەکەن کە هێشتا سوپای ئیسرائیلی تێدایە، ئەمەش لە پێناو سەلامەتی گیانی هاووڵاتیانە تاوەکو تووشی هیچ ئازاردان و مەترسیەک نەبنەوە.
بەرگریی شارستانی غەززە ئاماژەی بەوەشداوە، سوپای ئیسرائیل لە بەشێک لە گەڕەک و کۆڵانەکانی شارەکە دەبینرێن، هەروەها جموجۆڵی تانکەکانیش بەردەوامە کە بە شێوەیەکی هەرەمەکی دەجوڵێن، ئەمەش مەرسییەکی گەورەیە بۆ سەر ژیانی هاووڵاتیانی ناوچەیەکە.
لە بەرانبەردا ناوەندی زانیاری فەڵەستینی ڕایگەیاندووە، تانکەکانی سوپای ئیسرائیل هاووڵاتیانی ناوچەکە دەکەنە ئامانج، هەروەها شەقامی ڕەشیدیان بە تەواوی داخستووە، باسی لەوەشکردووە، دوو تانکیان بینیوە کە لە ئاڕاستەی شەقامی ڕەشید ڕۆیشتوون و ڕێگریان لەو هاووڵاتیانە کردووە کە ویستوویانە بگەڕێنەوە بۆ شاری غەززە.
لە هەمان کاتدا سەربازە ئیسرائیلیەکان لە شەقامی بەحر و ناوەڕستی شارەکە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ تەقەیان لە خەڵک کردووە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ، ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس، قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی غەززەیان سەبارەت بە ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان و زیندانیانی فەڵەستینی و کشانەوەی هێزەکانی ئێسرائیل بۆ هێڵی دیاریکراو و هاتنەناوەوەی هاوکارییەکان بۆ کەرتی غەززە، واژۆ کرد.