كریستیانۆ رۆناڵدۆ داوای ڤینسیۆس دەكات

یانەكانی نەسر و ئەهلی سعوودی بۆ گواستنەوەی ڤینسیۆس لە كێبڕكێ دان

ڤینسیۆس جۆنیۆر هێرشبەری بەرازیلی یانەی ریال مەدرید
ڤینسیۆس جۆنیۆر هێرشبەری بەرازیلی یانەی ریال مەدرید

بە گوێرەی راپۆرتە هەواڵەكانی ئیسپانیا، دوو یانەی سعوودیە لە چاوەڕوانی ریال مەدریدن بۆ ئەوەی نرخی فرۆشتنی ڤینسیۆس دیاری بكەن و گفتوگۆی فەرمی دەست پێ بكەن، یاریزانە بەرازیلییەكەش نایەوێت ئەو ئۆفەرە خەیاڵیانە پشتگوێ بخات كە بەتایبەتی لە لایەن یانەی نەسر پێیگەیشتووە، جگە لەوەش كریستیانۆ بۆ گواستنەوەی ڤینسیۆس لەسەرهێڵە و لە چاوەڕوانی هاتنی ئەو یاریزانە بەرازیلییەیە بۆ یانەكەی.
رادیۆی كادێنا سێری ئیسپانیا لە بەدواداچوونێكدا ئاشكرای كردووە یانەكانی ئەهلی و نەسری سعوودیە بە ئۆفەرێكی خەیاڵی ڤینسیۆیان كردووەتە ئامانج، یاریزانە بەرازیلییەكەش ئامادەیە پێشوازی لەو ئۆفەرانەی خولی سعوودیە بكات و زیاتر سەرنجی لەسەر تیپەكەی كریستیانۆ رۆناڵدۆیە.
بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، سەرەڕای ئەوەی ڤینسیۆس لە دوایین دوو یاری لەژێر سەرپەرشتی چابی ئالۆنسۆ ئاستی لەگەڵ ریال مەدرید درەوشایەوە، بەڵام داهاتووی لە یانەكە نادیارە و یانەكانی سعوودیەش واز ناهێنین و لە هەوڵەكانی بۆ رازیكردنی ئەو یاریزانە بەرازیلییە بەردەوامن.
لە لایەكی دیكەیشەوە، رۆژنامەی گلۆبۆی بەرازیلی ئاشكرای كردووە كە ڤینسیۆس خۆی یەكلایی كردووە و دەیەوێت یەكێك لەو ئۆفەرە خەیاڵیانەی خولی سعوودیە هەڵبژێرێت، ئەمەش لە كاتێكدایە لە هاوینی رابردوو یانەكانی سعوودیە زۆر هەوڵیان دا ئەو یاریزانە بگوازنەوە بەڵام ڤینی سووربوو لەسەر ئەوەی دەیەوێت بۆ یاریكردن لە ئەورووپا بمێنێتەوە، بەڵام ئێستا تێگەیشتنی گۆڕاوە و یانەی ریال مەدریدیش ئامادەیە بە بڕە پارەیەكی زۆر دەستبەرداری ئەو یاریزانە بێت، بۆیە دوورنییە ڤینی ئەزموونێكی نوێ لە خولی رۆشنی سعوودیە تاقی بكاتەوە.
هەمان سەرچاوە روونیكردووەتەوە كە بەرپرسانی ریال مەدرید و ڤینسیۆس جۆنیۆر لەسەر بڕگەكانی پەیوەست بە دارایی لەنێو گرێبەستە نوێیەكەدا نەگەیشتوونەتە رێككەوتنی كۆتایی، بۆیە ئەگەری رۆیشتنی ڤینسیۆس لە ریال مەدرید لەنێو ئیدارەی یانەكە مشتومڕی لەبارەوە كراوە.
گرێبەستی ئێستای ڤینیسیۆس لەگەڵ ڕیال مەدرید کە تا مانگی حوزەیرانی 2027ـە، بەڵام گفتوگۆیەكانیش لە نێوان هەردوولا سەبارەت بە نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی بەردەوامە، فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی ریال مەدرید پێداگری لەسەر ئۆفەری ساڵانە 22 ملیۆن یۆرۆ دەکات لەگەڵ پاداشتەكان بەگوێرەی ئاستی یاریزانەکە، بەڵام ڤینی بەو مووچەیە رازی نییە و داوای مووچەی ساڵانەی 25 ملیۆن یۆرۆ دەكات لەگەڵ بڕە پارەیەكی تایبەت وەكو شیرینی و پاداشتی نوێكردنەوەی گرێبەستەكەی.
بە گوێرەی هەمان سەرچاوە ئەگەر هیچ رێككەوتنێك لەنێوان ریال مەدرید و ڤینی روونەدات، ئەوا یانە ئیسپانییەکە ڕەنگە دانوستان لەگەڵ یانەکانی سعودی بکات سەبارەت بە ڕۆیشتنی هێرشبەرە تەمەن 25 ساڵەکە پێش تەواوبوونی گرێبەستەکەی، بەمەش ریال مەدرید پارەیەكی باشی دەست دەكەوێت پێش ئەوەی بە بێبەرامبەر لە ساڵی 2027 لە یانەكە بڕوات.
رادیۆی كادێنا سێری ئیسپانیا ئاشكرای كردووە ریال مەدرید بۆ دەستبەرداربوون لە ڤینسیۆس جۆنیۆر داوای 250 ملیۆن یۆرۆ دەكات، لە نێویاندا كریستیانۆ رۆناڵدۆ ئارەزووی گواستنەوەی ڤینی دەكات بۆ یانەی نەسر و ئامادەن بە 300 ملیۆن یۆرۆ ئەو یاریزانە بگوازنەوە و ساڵانەش 250 ملیۆن یۆرۆ بدەنە ئەم یاریزانە، بەمەش ڤینی دەبێتـە بەرزترین مووچە لە جیهان.

 

 
Fly Erbil Advertisment