سێ گومانلێکراو لەسەر هێرشەکەی تەدمور دەستگیر کران
ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی ئەمەریکا و سووریا دژی داعش دەستیپێکرد
پاش تێپەڕبوونی ڕۆژێک بەسەر ئەو هێرشە خوێناوییەی کرایە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە شاری تەدمور، هێزە ئەمنییەکانی سوریا بە هەماهەنگیی لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی واشنتن، دەستیان بە هەڵمەتێکی ئەمنیی فراوان کرد بۆ ڕاوەدوونانی شانە نووستووەکانی داعش لە ناوچەکە و دەستگیرکردنی بکەرانی هێرشەکە.
بەگوێرەی لێدوانی بەرپرسێکی وەزارەتی ناوخۆی سوریا، هێزە ئەمنییەکان ئێستا ئۆپەراسیۆنێکی فراوانیان لە بیابانی سوریا و بەتایبەتی لە دەوروبەری شاری تەدمور دەستپێکردووە.
ئامانجی سەرەکیی ئەم جوڵە سەربازییە هاوبەشە، کێوماڵکردنی ناوچەکە و لەناوبردنی ئەو شانە نووستووانەی داعشە کە مەترسییان بۆ سەر سەقامگیریی ناوچەکە دروستکردووەتەوە.
لە چوارچێوەی ئەنجامە سەرەتاییەکانی هەڵمەتەکەدا، دەسەڵاتدارانی سوریا ڕایانگەیاندووە، توانیویانە سێ کەس دەستگیر بکەن کە گومان هەیە پەیوەندییان بەو هێرشەوە هەبێت کە ڕۆژی شەممە ئەنجامدرا.
شایەنی باسە لەو هێرشەدا سێ هاووڵاتیی ئەمەریکی گیانیان لەدەستدا کە دوو کەسیان سەرباز و یەکێکیان وەرگێڕی مەدەنی بوو، هەروەها ژمارەیەک لە کارمەندانی هێزەکانی ئەمەریکا و سوریاش بریندار بوون.
ناوچەی بیابانی سوریا (بادیە) بەهۆی سروشتی جوگرافییەکەیەوە بە یەکێک لە حەشارگە سەرەکییەکانی پاشماوەی چەکدارانی داعش دادەنرێت و زۆرجار لەوێوە هێرشی کتوپڕ بۆ سەر هێزە سەربازییەکان ئەنجام دەدەن، ئەم ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەی نێوان هێزە ئەمنییەکانی سوریا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دوای ماوەیەک لە بێدەنگی دێت و وەک کاردانەوەیەکە بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی هێرش بۆ سەر هێزە بیانییەکان لەو ناوچە ستراتیژییەدا.
