ئەحمەد شەرع سەرەخۆشی لە ترەمپ دەکات

دوای کوژرانی دوو سەربازی ئەمەریکی لە لە شاری تەدمور لەلایەن داعشەوە، سەرۆکی سووریا پەیامێکی سەرەخۆشی ئاراستەی سەرۆکی ئەمەریکا کرد

سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، ئەمڕۆ یەکشەممە 14ی کانوونی یەکەمی 2025، ئەحمەد شەرع سەرۆکی وڵاتەکەی پەیامێکی سەرەخۆشی ئاراستەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا کرد، ئەوەش ڕۆژێک دوای ئەو هێرشە سەر هێزە هاوبەشەکانی سووریا و ئەمەریکا لە ناوەڕاستی وڵاتەکە دێت.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی شەرع، بەهۆی کوژرانی دوو سەربازی ئەمەریکیی هاووڵاتییەکی مەدەنی لە پارێزگای حومس سەرەخۆشی لە ترەمپ و هاوسۆزی وڵاتەکەی بۆ خێزانی قوربانییەکان دەربڕیوە.

ڕۆژێک دوای کوژرانی دوو سەربازی ئەمەریکی و وەرگێڕێکی مەدەنی، بەرپرسێکی وەزارەتی ناوخۆی سووریا بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە: هەڵمەتێکی ئەمنی لە سەرانسەری بیابانی سووریا دەستیپێکردووە بۆ دۆزینەوە و لەناوبردنی شانە نووستووەکانی داعش، ئەوەش بە هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی."

ئەم پەیامە دوای ئەوە دێت کە دوێنێ شەممە، لە هێرشێکدا لە شاری تەدمور سەر بە پارێزگای حومس، دوو سەربازی ئەمەریکی و وەرگێڕێکی مەدەنی کوژران، کە واشنتن ڕاستەوخۆ ڕێکخراوی داعشی بە ئەنجامدانی تۆمەتبار کردووە.

هەروەها هەر ئەمڕۆ ترەمپ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا دووپاتی کردەوە، هێرشەکە لە لایەن داعشەوە کراوە، نەوەک حکوومەتی سووریا، کە هاوشانی ئەوان لە دژی ئەو گرووپە جەنگاون.

دوێنی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز وردەکاریی لەبارەی هێرشەکەی سووریا ئاشکرا کرد و ڕایگەیاندبوو، ئەو کەسەی هێرشی کردووەتەوە سەر کاروانە هاوبەشەکەی ئەمەریکا و سووریا ، ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی سووریا بووە و پێشتر هۆشداری لەبارەی هزری توندڕەویی ئەو چەکدار دراوە؛ هاوکات بەرپرسێکی ئەمەریکا ڕایگەیاندووە، دوای هێرشەکە، فڕۆکەی جەنگیان ناردووەتەوە ناوچەکە.

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل