کەمال کەرکووکی: سەردەمی حوکمڕانیی 50 بە 50 بەسەر چووە
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی دووپاتی کردەوە، هۆکاری پێکنەهێنانی حکوومەت و کاراکردنەوەی پەرلەمان خەتای پارتی نییە. جەختی لەوە کردەوە، سەردەمی 50 بە 50 کۆتایی هاتووە، دەبێت لەمەودوا پارتی بە پێی کورسییەکانی مامەڵە لەگەڵ لایەنەکان بکات.
یەکشەممە، 14ـی کانوونی یەکەمی 2025، کەمال کەرکووکی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە میانەی بەشداری لە بەرنامەی باسی ڕۆژی کوردستان24ـدا، گوتی: ئەوەی لە چەمچەماڵ ڕووی دا کارەسات بوو، هەروەها بەهۆی نەبوونی حکوومەتێکی سەرتاسەری، کەموکوڕی لە خزمەتکردنی تەواوی ناوچەکانی کوردستان هەیە.
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی ئاماژەی بەوە کرد، دەبێت لیژنەی باڵای لێکۆڵینەوە پێک بهێنرێت و لایەنی کەمتەرخەم لە چەمچەماڵ دیاریی بکرێت و سزا بدرێت.
جەختی لەوە کردەوە، لایەنی دەستڕۆشتوو لە چەمچەماڵ دەبێت بەرپرسیارەتی ئەو کارەساتەی قەزاکە لە ئەستۆ بگرێت، جگە لەوەش ئیدارەی قەزاکەش لەو ڕوودانی ئەو کارەساتە بەرپرسە.
بە گوتەی کەمال کەرکووکی، لێرە و لەوێ هەندێک لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن، لە کاتی ڕوودانی ئەو کارەساتەی چەمچەماڵ زۆر نا بەرپرسانە مامەڵەیان لەگەڵ دۆخەکە کردووە، هەروەها تا ئێستا نەیانهێشتووە بە باشی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، حوکمێکی سەرتاسەری لە کوردستان بکات.
هاوکات ڕوونی کردەوە، دانیشتووانی کەرکووک، سلێمانی، گەرمیان و چەمچەماڵ گشت ناوچەکە، لەوە هۆشیارترن کە چەواشە بکرێن بە هەواڵی هەندێک کەناڵ.
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی، دووپاتی کردەوە، پارتی، حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دەزگای خێرخوازیی بارزانی، هەمیشە ئامانجیان خزمەتکردنی هاووڵاتییانی هەرێم و نەهێشتنی کەموکوڕییەکانە. دەشڵێت: هەر کەس و لایەنێک بیەوێت زیاتر خزمەتی خەڵکی چەمچەماڵ بکات با بفەرمووێت ئێمە دەستمان نەگرتووە و بە کاری خۆی بکات بۆ ئەوەی دەستخۆشی لێ بکەین.
لە بارەی هۆکاری پێکنەهێنانی کابیەنی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کەرکووکی ئاشکرای کرد، پێکنەهێنانی حکوومەت و کاراکردنەوەی پەرلەمان، خەتای پارتی نییە. بەڵکوو پارتی هەموو کاتێک ئامادەیە بۆ کۆبوونەوە بە مەبەستی ڕێککەوتن لەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێ.
ئاماژەی بەوەش دا، سەردەمی 50 بە 50 کۆتایی هاتووە، دەبێت لەمەودوا پارتی بە پێی کورسییەکانی مامەڵە لەگەڵ لایەنەکان بکات.
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی، لە بارەی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق، گوتی: دەبێت شاندی دانوستانکاری کورد بە داواکاری و ئەجێندایەکی جێگیر بڕواتە بەغدا و لەسەری ڕێککەوێت.
ناوبراو دووپاتی کردەوە، کە دەبێت دەستوور جێبەجێ بکرێت و گەرەنتییەکی بەهێز بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی پێکهێنانی حکوومەتی عێراق هەبێت.
