ئومێد خۆشناو: بەڵگەکان دەری دەخەن ئەو تەرمەی دۆزراوەتەوە ئاڤێستایە

دوای دۆزینەوەی تەرمێک و گەیاندنی بە پزیشکی دادوەریی هەولێر، ئومێد خۆشناو ڕایگەیاند کە باوکی ئاڤێستا تەرمەکەی بینیوە و پشتڕاستی کردووەتەوە کە کچەکەیەتی، ئاماژەی بەوەش دا کە ڕێکارە یاساییەکان لە قۆناغی کۆتاییدان.

یەکشەممە 14ـی کانوونی یەکەمی 2025، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، دوای ئەوە باوکی ئاڤێستا و چەند کەسێکی دیکە سەیری ئەو تەرمەیان کرد کە گەیندرابوو پزیشکی دادی هەولێر، هەموو هێما سەرەتاییەکان و بەڵگەکان دەری دەخەن تەرمەکە مامۆستا ئاڤێستا بێت.

پارێزگاری هەولێر ڕوونیشی کردەوە، بەڵگەکان پێکهاتوون لە ملوانکەی ملی، جلوبەرگ و پێڵاوەکان تەنانەت ڕوخساریشی کە زۆر نە شێواوە نەناسرێتەوە، بە هی ئاڤێستا دەچێت.

ئومێد خۆشناو گوتیشی: ڕێکاری یاسایی تەواو بۆ ناسینەوەی تەرمەکە گیراونەتە بەر، لە ماوەیەکی نزیکدا ڕێکارەکان تەواو دەبن.

کەسێک لە بارەی دۆزینەوەی تەرمێک زانیاریی بە ئاسایشی بازگەی قەندیل دا و تیمەکانیش دەستبەجێ گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و لایەن پەیوەندی دارەکانیان لەو بابەتە ئاگەدار کردەوە.

باسی لەوەش کرد، لەسەر داواکاری باوکی ئاڤێستا تەرمەکەی دەبرێتەوە بارزان و سبەی لەوێ بە خاک دەسپێردرێت و یەکەم ڕۆژی پرسە هەر لەوێ و ڕۆژی دووەمیش لە هەولێر بەڕێوە دەچێت.

ئاڤێستا یووسف

ڕۆژی شەممە، 5ـی نیسانی ئەمساڵ، خێزانێکی دانیشتووی شاری هەولێر بۆ گەشت چوو بوونە سنووری شارۆچکەی مێرگەسۆر، لەو کاتەی کچ و کوڕێکی خێزانەکە بۆ وێنەگرتن لە لێواری ڕووبارەکە سەرقاڵی وێنەگرتن بوون، کوڕەکە کەوتبووە نێو ڕووبار و خوشکەکەشی بە ناوی ئاڤێستا یووسف هەوڵی ڕزگارکردنی براکەی دا بوو، بەڵام براکەی ڕزگاری بوو، ئاڤێستای تەمەن 27 ساڵ لە ڕووبارەکەدا بێسەروشوێن بوو.

دوای پرۆسەیەکی درێژی گەڕانی دەیان تیمی بەرگریی شارستانی و کەسانی خۆبەخش، دواجار لە 5ـی تەممووزی 2025، لە قەراخ ڕووبارەکە نوێژی مردوو لەسەر تەرمی نادیاری ئاڤێستا کراو و کۆتایی بە پرۆسەی گەڕان هێنرا.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل