میدیای ئوسترالیا ناسنامەی هێرشبەرەکەی سیدنی ئاشکرا دەکات
لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکان لە هێرشە چەکدارییەکەی شاری سیدنی کە ئاهەنگێکی جووەکانی کردبووە ئامانج، بەرپرسانی ئەمنی ناسنامەی یەکێک لە ئەنجامدەرانی هێرشەکەیان ئاشکرا کرد، کە دەرکەوتووە گەنجێکی موسڵمانی بەڕەچەڵەک پاکستانییە و دانیشتووی یەکێک لە گەڕەکەکانی هەمان شار بووە، ئەمەش وەک سەرەداوێکی گرنگ بۆ تێگەیشتن لە پاڵنەرەکانی پشت ڕووداوەکە سەیر دەکرێت.
بەگوێرەی زانیارییەکان کە لەلایەن بەرپرسێکی باڵای جێبەجێکردنی یاسا لە ئوسترالیا بۆ دەستەی پەخشی ئەو وڵاتە ئاشکرا کراوە، یەکێک لەو چەکدارانەی بەشداریی هێرشەکەی کردووە ناوی (ناڤید ئەکرەم)ـە و تەمەنی 24 ساڵە.
هێزە ئەمنییەکان لە ڕێگەی دۆزینەوەی مۆڵەتی شۆفێرییەکەی لە شوێنی ڕووداوەکە توانیویانە ناسنامەکەی دیاری بکەن کە ڕێکەوتی لەدایکبوونی دەگەڕێتەوە بۆ 12ی ئابی 2001.
دوای ئاشکرابوونی ناسنامەکەی، میدیاکانی ئوسترالیا بڵاویانکردەوە کە پۆلیس هەڵمەتێکی گەڕان و پشکنینی بۆ ماڵی ناوبراو لە گەڕەکی بۆنیریگ لە سیدنی ئەنجام داوە.
بەپێی بەدواداچوونەکان، ئەو گەنجە پێشینەی خوێندنی لە زانکۆی کوینزلاند لە سیدنی و زانکۆی هەمبەرد لە ئیسلام ئاباد هەبووە و وەک ئەندامێکی چالاکی سەنتەری ئیسلامیی (المراد)ناسراوە و وەک قوتابییەکی نموونەیی وەسف کراوە، هاوکات لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیدا هیچ ئاماژەیەکی ڕوون بە بیروباوەڕە توندڕەوەکان بەدی نەکراوە.
لای خۆیەوە پۆلیسی ویلایەتی نیو ساوس وێڵز هێشتا بە فەرمی وردەکارییەکانی ناسنامەی ئەو کەسەی پشتڕاست نەکردووەتەوە، بەڵام ئاماژەی بەوە داوە کە لە ئەنجامی ڕووبەڕووبوونەوەکاندا یەکێک لە هێرشبەرەکان کوژراوە و ئەوەی دیکەشیان بە سەختی بریندار بووە و دۆخی تەندروستیی ناجێگیرە.
ئەم پەرەسەندنە دوای ئەوە دێت کە ڕۆژی یەکشەمم،ە دوو چەکدار لە کەناراوی بۆندی لە سیدنی هێرشیان کردە سەر ئاهەنگێکی تایبەت بە جەژنی (حانوکا)ی جووەکان، بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، هێرشەکە بووە هۆی کوژرانی 11 کەس و برینداربوونی 29 کەسی دیکە، دەسەڵاتدارانی ئوسترالیا ڕووداوەکە بە کردەوەیەکی تیرۆریستی و (دژایەتیی جوو) پۆلێن دەکەن، بەو پێیەی بە شێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو کات و شوێنی هێرشەکە بۆ بەئامانجگرتنی کۆمەڵگەی جووەکان لە یەکەم ڕۆژی جەژنەکەیاندا دیاری کراوە.
