ترەمپ: زۆرێک لە وڵاتان بەشداریی لە ئاوەدانکردنەوەی غەززە دەکەن

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا

سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند: سەردانی میسر دەکات بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەیەک بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەستی غەززە. جەختی لەوە کردەوە، زۆرێک لە وڵاتان بەشداریی لە ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززە دەکەن.

پێنجشەممە 9ـی تشرینی یەکەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە بارەی دۆخی غەززە قسەی بۆ ڕۆژنامەنووسان کرد و گوتی: دوێنێ توانیمان شەڕی غەززە کۆتایی پێ بهێنین، ئەمەش پرۆسەیەکی ئاڵۆز بوو کاتێکی زۆری ویست، ئێستاش لە هەوڵی ئازادکردنی بارمتەکان داین.

هاوکات پێی وایە ڕۆژی دووشەممە یان سێشەممەی داهاتوو تەواوی بارمتەکان لە کەرتی غەززە ئازاد بکرێن.

سەرۆکی ئەمەریکا، باسی لەوە کرد، سەردانی میسر دەکات بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەیەک بۆ مەبەستی واژۆکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەستی غەززە.

جەختی لەوە کردەوە، زۆرێک لە وڵاتان ئامادەیی خۆیان دەربریوە کە بەشداریی لە ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززە بکەن.

سەرۆکی ئەمەریکا، ئەوەشی خستەڕوو، ئاگربەستی غەززە دەبێتە هۆی ئاشتییەکی بەردەوام لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەروەها هەموو وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پشتیوانی لە ئاگربەستی غەززە و پلانەکانم لەبارەی کەرتەکە دەکەن.

دەشڵێت: یەکشەممەی داهاتوو بە مەبەستی چاودێریکردنی قۆناغی یەکەمی پلانەکەم بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە، هەروەها ئازادکردنی بارمتەکان، سەردانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەم.

لە درێژەی قسەکانیدا، ترەمپ باسی ئێرانی کرد و ئاماژەی بەوە دا، ئێران دەیەوێت کار بۆ ئاشتی بکات، ئێمەش بۆ ئەو مەبەستە هاوکار و پاڵپشتیان دەبین.

زیاتر گوتی: هێرش بۆ سەر ئێران گرنگ بوو بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لە بارەی ئاگربەستی کەرتی غەززە.

 

ویتکۆف: ترەمپ هەفتەی داهاتوو سەردانی میسر دەکات

هەر ئەمڕۆ ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕایگەیاندبوو: ترەمپ هەفتەی داهاتوو سەردانی میسر دەکات و بەشداری لە کۆبوونەوەی واژۆکردنی ڕێککەوتنی غەززە دەکات.

هەروەها بزووتنەوەی حەماس لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دابوو، کە پێویستە ئیسرائیل تا ڕۆژی هەینی لە شارە سەرەکییەکانی غەززە بکشێتەوە.

ئاماژەی بەوەش کردبوو، ئاڵوگۆڕی بارمتە و زیندانییەکان تا دوای ئاگربەست و کشانەوە سوپای ئیسرائیل لە غەززە دەست پێناکات.

بزووتنەوەکە ڕوونی کردبووەوە، ئیسرائیل 250 زیندانی فەڵەستینی ئازاد دەکات کە سزای هەتاهەتایییان بەسەردا سەپێنراوە.

 

ڕێککەوتنی نێوان حەماس و ئیسرائیل

بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 9ـی تشرینی یەکەمی 2025، ئیسرائیل و حەماس واژۆیان لەسەر سەرجەم بەند و خاڵەکانی قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی غەززە کرد، کە بریتین لە ڕاگرتنی شەڕ و ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان و دیلە فەڵەستینییەکان و گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ غەززە.

نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە ڕاگەیەنراوێکدا، ڕایگەیاندبوو "ناتانیاهۆ و ترەمپ، بەم بۆنەیەوە پیرۆزباییان لە یەکتر کردووە.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment