گه‌نده‌ڵی بووه‌ته سیمای عێراق و ساڵانه 35 ملیار دۆلار زیانی پێگه‌یاندووه

گه‌نده‌ڵی له عێراق بووه‌ته ڕەگەز و پێکهاتەیەکی دانەبڕاو لە هاوکێشەی دەسەڵات و بزوێنەرێکی شاراوە لە بازنەی بڕیاردانی سیاسی و ئابووریی ئه‌و وڵاته، خه‌مڵاندنه‌كان ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن، عێراق له ماوه‌ی دوو ده‌یه‌ی ڕابردوودا، به‌هۆی گه‌نده‌ڵیی دارایی و كارگێڕییه‌وه چه‌ندین ملیار دۆلاری زه‌ره‌ر كردووه، لە کاتێکدا خەرجی ڕاستەقینە بۆ ژێرخانی كه‌رته‌كانی ئابووری، پەروەردە و تەندروستی لە 20%ـی کۆی داهاتی نەوت، تێپه‌ڕ نه‌بووه.
مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی عێراق ساڵی 2023 ئاشكرای كرد عێراق له ساڵی 2003 تاوه‌كوو ساڵی 2020، زیاتر له 600 ملیار دۆلاری به‌هۆی گه‌نده‌ڵی دارایی و كارگێڕییه‌وه زیانی به‌ركه‌وتووه. ئه‌مه له كاتێكدایه له ساڵی 2021 تاوه‌كوو 2025، هیچ ئامارێكی فه‌رمی له باره‌ی زیانه‌كان كه به‌ر عێراق كه‌وتوون، ئاشكرا نه‌كراون، له كاتێكدا سه‌دان كه‌یس و ئابڕووچوون له دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت ڕوویان داوه و هه‌ندێكیان بۆ نموونه به دزی سه‌ده ناسراون و هه‌ندێكیشیان دیزه‌به‌ده‌رخۆنه كراون و ڕێگه نه‌دراون هه‌ر ئاشكراش بكرێن و به نهێنی و له ژووره تاریكه‌كان له نێوان به‌رپرسان و كه‌سانی ده‌ستڕۆیشتووی ئه‌و وڵاته ماونه‌ته‌وه.
به پێی ڕاپۆرت و لێكۆڵینه‌وه و خه‌مڵاندنه‌كان، عێراق له ساڵی 2003 تاوه‌كوو ساڵی 2020، ساڵانه 35 ملیار دۆلار زیانی به‌ركه‌وتووه، كه كۆی گشتیی هه‌موو ئه‌و زیانانه‌ش كردوویه‌تییه 600 ملیار دۆلار له ماوه‌ی 17 ساڵدا. ئه‌گه‌ر ته‌نیا ئه‌و ژماره‌یه واته بۆ هه‌ر ساڵێك 35 ملیار دۆلار بۆ ساڵه‌كانی 2021، 2022، 2024 و 2025 وه‌ربگیرێنه‌وه، كۆی گشتیی بۆ ئه‌م پێنج ساڵه ده‌كاته 176 ملیار دۆلاری دیكه، به‌مه‌ش كۆی گشتی زیانه‌كان له ماوه‌ی 22 ساڵی ڕابردوودا گه‌یشتووه‌ته 776 ملیار دۆلار، كه به پێی ئاماره‌كانی ساڵی 2024، یه‌كسانه به پێنج بودجه‌ی پێنج ساڵی عێراق.
ئەم هاوکێشە بیركارییه، ئه‌و ڕاستییه ده‌خاته ڕوو کە بەردەوامی گەندەڵی بە هەمان خێرایی، بەو مانایەیە کە حكوومه‌تی عێراق تا ئێستا نه‌یتوانیوه ئه‌م په‌تایه ڕابگرێت، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه، به‌ڵكوو ڕه‌نگه ئه‌و ساڵانه‌ی دوایی زیانه‌كان زۆرتریش بووبن نه‌خاسمه به‌هۆی هه‌ڵكشان و په‌ره‌سه‌ندنی ململانێ سیاسییه‌كان، گه‌نده‌ڵییه دارایی و كارگێڕییه‌كان زیاتر بوونه.
ئه‌م ژماره و ئامارانه، به‌ڵگه‌یه‌كی ڕوون و حاشاهه‌ڵنه‌گرن كه گه‌نده‌ڵی هه‌موو دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌تی گرتووه‌ته‌وه‌وه، به شێوه‌یه‌ك توانای پێشکەشکردنی تەنانەت سەرەتاییترین خزمەتگوزارییە گشتییەکانی بۆ هاووڵاتییانی ئه‌و وڵاته لاواز کردووە، سەرەڕای ئەوەی کە کۆی داهاتی نەوت لە ساڵی 2003ـوه، له یه‌ك تریلیۆن و دوو سه‌د ملیار دۆلار زیاتر بووه، به‌ڵام بۆشاییه‌كی مه‌ترسیداری لە نێوان داهات و گەشەپێدان و لە نێوان كۆكراوه و بەفیڕۆچوو دروست كردووه.
گه‌نده‌ڵی بووه‌ته سیمایه‌كی ناشیرین و قێزه‌ونی عێراق له‌سه‌ر ئاستی ده‌ره‌وه و نێوده‌وڵه‌تیدا و متمانه‌ی ئه‌و وڵاته‌ی به ته‌واوی لاواز كردووه به‌تایبه‌تی (پێوەرەکانی ئاماژه‌كانی گەندەڵیی شەفافیەتی نێودەوڵەتی)، له ڕاپۆرتی ساڵانه‌ی خۆی بۆ ساڵی 2024، عێراقی له ڕیزبه‌ندی 140ـمینی پیسخۆرترین و گه‌نده‌ڵترین وڵاتانی جیهان دانابوو.
600 ملیار دۆلار له ماوه‌ی 17 ساڵدا كه به‌هۆی گه‌نده‌ڵی دارایی و كارگێڕییه‌وه بڕی ئه‌و زیانه بووه كه به‌ر عێراق كه‌وتووه، به‌س بوو بۆ دابینكردنی بودجه‌ی ته‌واوی عێراق بۆ ماوه‌ی چوار ساڵ له‌سه‌ر یه‌ك به‌بێ هه‌نارده‌كردنی یه‌ك به‌رمیل نه‌وت.
ئه‌گه‌ر به‌راوردێك بكرێت له‌م بڕه زه‌به‌لاحه كه 600 ملیار دۆلاره به بودجه‌ی ساڵانه‌ی چه‌ند وڵاتێك له‌وانه، ئوردن، كه بودجه‌ی ساڵانه‌ی نزیكه‌ی 25 ملیار دۆلار، ده‌یتوانی 24 بودجه‌ی وڵاته‌كه‌ی له‌م پاره دزراوانه‌ی عێراق دابین بكات، لوبنان كه بودجه‌ی ساڵانه‌ی 16 ملیاره، ده‌یتوانی ماوه‌ی 37 ساڵ له‌م پاره دزراوانه‌ی عێراق بودجه‌كه‌ی دابین بكات، هه‌روه‌ها سووریا كه بودجه‌كه‌ی له نێوان هه‌شت بۆ 10 ملیاری ساڵانه‌یه، ده‌یتوانی بودجه‌ی خۆی بۆ ماوه‌ی نزیكه‌ی 60 ساڵ مسۆگه‌ر بكات.
ناوه‌نده ئابوورییه سەربەخۆکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە ئەم بڕە پارەیە بەس بوو بۆ دروستکردنی 10 هەزار قوتابخانەی مۆدێرن و 1000 نەخۆشخانە و 5000 کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون، هەروەها دامەزراندنی سیستمێکی کارەبای نیشتمانیی پێشكه‌وتوو، جگە لە تۆڕەکانی ئاو و ئاوەڕۆ کە هەموو پارێزگاکان بگرێتەوە.