بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا هەوڵی دەستپێکردنەوەی دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ ئێران دەدەن

بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا ڕایانگەیاند، هەوڵ دەدەن دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ ئێران و ئەمەریکا دەستپێبکەنەوە, دەشڵێن، کاراکردنەوەی میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کارێکی ڕاست بوو
هەینی 10ـی تشرینی یەکەمی 2025، بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا، ئاماژەیان داوە، " ڕژدین لەسەر دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران و ئەمەریکا بە ئاراستەی گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی گشتگیر، بەردەوام و پشتڕاستکراوە کە دڵنیایی بدات ئێران هەرگیز دەستی بە چەکی ئەتۆمی ناگات."
هەروەها ڕایانگەیاندوە، " کاراکردنەوەی میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کارێکی ڕاست بوو، چونکە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران هەڕەشەیەکی جددییە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی جیهان."
دووشەممە، 6ـی تشرینی یەکەمی 2025، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، سێ وڵاتە زلهێزەکەی ئەورووپا لە ماوەی دوو سێ مانگی ڕابردوودا ڕێگەیەکی نابەرپرسانە و تێکدەرانەی گرتووەتە بەر، هەروەها ناکۆکییەکانیان قۆستووەتەوە.
گوتیشی "ئێمە لەم قۆناغەدا هیچ بەرنامەیەکمان نییە بۆ دانوستاندن، سەرنجمان لەسەر لێکۆڵینەوەیە لە دەرەنجامەکان و کاردانەوەی ئەو کارانەی هەر سێ وڵاتە زلهێزەکەی ئەورووپا و ئەمەریکا گرتوویانەتە بەر."
ئەم ڕاگەیاندنە دوای نزیکەی دوو هەفتە دێت لە سەپاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەسەر ئێراندا، لەلایەن هەر سێ وڵاتە ئەوروپییەکەوە کە لە لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا ئاماژەیان دابوو، کاتژمێر 3:30 بەیانی ڕۆژی یەکشەممە، 28ـی ئەیلوولی 2025، سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر ئێران کارا کرانەوە.
بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا لە 28ـی ئاب پرۆسەیەکی میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان سەر ئێرانیان چالاک کردەوە و 30 ڕۆژ مۆڵەتییان دایە ئەو وڵاتە پابەندبوونی خۆی دووپات بکاتەوە، ئەوان تارانیان بەوە تۆمەتبار کرد کە پابەندی ڕێککەوتنی 2015ی لەگەڵ نەبووە کە ئامانج لێی ڕێگریکردن بوو لە پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی، بەڵام ئێران ئەمە ڕەت دەکاتەوە.