ئەورووپا و بەریتانیا پشتیوانی پلانی ئاشتی لە غەززە دەکەن

سەرکردەکانی بەریتانیا و فەرەنسا و ئەڵمانیا داوایان لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد کە بەتەواوی پشتیوانی لەو پلانە ئاشتییەی غەززە بکات کە لەلایەن ئەمریکاوە پێشکەش کراوە.
هەینی 10ـی تشرینی یەکەمی 2025، بەریتانیا و فەرەنسا و ئەڵمانیا لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا، کە هاوکات بوو لەگەڵ دەستپێکردنی ئاگربەستی غەززە و کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە غەززە، ڕایانگەیاند: "ئێمە ڕازین لەسەر ئەوەی کە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەبێت بەتەواوی پشتیوانی لە پلانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکات و هاوکاری لە جێبەجێکردنی بکات".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "ستایشی سەرکردایەتی ترەمپ لەم پرسەیە و هەوڵە دیپلۆماسییەکانی نێوەندگیران، میسر، قەتەر و تورکیا، پشتیوانی گرنگی ناوچەکە بۆ بەدەستهێنانی ئەم ڕێککەوتنە دەکەین".
هەروەها لەندەن، پاریس و بەرلین داوایان کرد پاکێجی هاوکاری مرۆیی بە بڕی پێویست لە ڕێگەی ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دەستبەجێ بگەیەنرێتە ناوچەکە ".
پێشتر، نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندبوو، پلانێکی 60 ڕۆژەیان ئامادەکردووە، بۆ گەیاندنی بەپەلەی هاوکاری بۆ غەززە هەر کە ئاگربەست ڕاگەیەندرا.
هەر ئەمڕۆ ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیبووی: سوپای ئیسرائیل، بە پشت بەستن بە پلانەکەی ترەمپ، وەک قۆناغی یەکەم، دەستی بە کشانەوە لە کەرتی غەززە کردووە. ئاماژەی بەوە کردبوو، ئێستا وادەیەکی 72 کاتژمێری بۆ ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان دەستی پێکردووە.
هاوکات ئیسرائیل لیستێکی 250 زیندانی فەڵەستینی بڵاو کردەوە کە بەنیازە ئازادیان بکات، لە کاتێکدا کە ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتووانی غەززە دەستیان کردووە بە گەڕانەوە بۆ باکووری ناوچەکە، کە بەهۆی دوو ساڵ شەڕەوە وێران بووە و ڕووبەڕووی قەیرانێکی مرۆیی بووەتەوە.
قۆناغی داهاتووی پلانی ئاشتی پێکهاتووە لە چەککردنی حەماس و دامەزراندنی دەسەڵاتێکی ڕا گوزەری لە غەززە.