میدیای ئێرانی: هەواڵی تیرۆرکردنی ئیسماعیل قائانی دوورە لە ڕاستییەوە

میدیاکانی ئێران ئەو دەنگۆیانەیان ڕەتکردەوە، کە باس لە تیرۆرکردنی ژەنەراڵ ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران دەکەن. ڕاشیگەیاند، ئەو هەواڵانە لەلایەن چەند هەژمارێکی سۆشیال میدیای سەر بە ئیسرائیلەوە بڵاوکراونەتەوە.
ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێران، بە فەرمی ڕایگەیاند، ئەو دەنگۆیانەی لە هەندێک هەژماری سەر بە ئیسرائیل بڵاوبوونەتەوە "درۆن" و هیچ بنەمایەکیان نییە.
بەگوێرەی ئاژانسە ئێرانییەکە، ئەمە یەکەمجار نییە دەنگۆی لەو شێوەیە بڵاودەکرێتەوە و لە دوای 7ـی تشرینی یەکەمی 2023وە، ئیسرائیل چەندان جار هەواڵی هاوشێوەی لەبارەی قائانییەوە بڵاوکردووەتەوە.
تەسنیم ئاماژەی بەوەشکردووە، هەژمارێکی دیاریکراوی سەر بە مۆساد بە ناوی "ئاگاداریی تیرۆر" (Terror Alarm) بەشدارە لە تێکەڵکردنی هەواڵی ڕاست و درۆ بە مەبەستی ئەنجامدانی "ئۆپەراسیۆنی دەروونی" بۆ بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل، نەک تەنیا گەیاندنی زانیاری.