ئافرەتان و منداڵانی ڕوانسەر چیای سەراو سەوز دەکەن
بە دەستپێشخەریی ئەنجومەنی ژینگەپارێزی چرۆی ڕوانسەر، هەڵمەتێکی چاندنی نەمام و دەنکی بەڕوو لە چیای سەراوی ڕوانسەر، بەڕێوە چوو. ژمارەیەکی زۆر لە ژینگەپارێزان و هاووڵاتییان بە تایبەت ژنان و منداڵان لەم هەڵمەتەدا بەشدار بوون. ژینگەپارێزانی ڕۆژهاڵاتی کوردستان، ساڵانە چەندین هەڵمەتی لەم شێوەیە بۆ پاراستن و پەرەپێدانی دارستانەکانی زاگرۆس بەڕێوە دەبەن.
چوارشەممە، 2ـی تشرینی یەکەمی 2025، ئەندامانی ئەنجوومەنی ژینگەپارێزی چرۆی ڕوانسەر و ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان لە داوێنی چیای سەراوی ڕوانسەر هەڵمەتێکی چاندنی نەمام و دەنکی بەڕوویان دەست پێ کرد. هەڵمەتەکە، لەسەر بانگەوازی ئەنجوومەنی چرۆ بوو و ئامانجیش لێی چاندن و ناشتنی نەمام و دەنکی بەڕوو، ژیاندنەوە و بووژاندنەوەی دارستانەکانی بەڕووی زاگرۆس، پاراستنی کولتووری ژینگەپارێزییە.
ناسر محەممەدی، ئەندامی ئەنجوومەنی ژینگەپارێزی چرۆی ڕوانسەر، بە کوردستان24ـی گوت: بە خۆشحاڵییەوە خەڵکێکی زۆری ژینگەدۆست بەدەم بانگەوازەکەی ئێمەوە هاتن کە مایەی شانازین.
بانگەوازەکە لە لایەن هاووڵاتییانەوە پێشوازییەکی بەرچاوی لێ کرا و بە تایبەت منداڵان و ئافرەتان ڕۆڵێکی چالاکانەیان لەم هەڵمەتەدا هەبوو. هێندێک لە هاووڵاتییان بە کۆی ئەندامانی بنەماڵەوە لەم هەڵمەتەدا بەشدار بوون.
خالید گوڵمحەممەدی، ژینگەپارێز، دەڵێت: پێکەوە لەگەڵ ماڵباتەکەمدا هاتووین بۆ ئەوەی بەشداری لە خزمەتکردنی ئەم وڵاتە جوانە، ڕوانسەر و هەورامانات بکەین.
شایان محەممەدی، سکرتێری ئەنجوومەنی پیشگامانی ئەندێشەی ژیواری ڕوانسەر، گوتی: ژینگە هیوا و داهاتوو و ژیانە، هیوادارم ئەم کولتووری نەمامناشتنە هەمیشە بەردەوم بێت.
شاخی سەراوی ڕوانسەر، شاخێکی ڕووتەنە کە هیچ دار و سەوزاییەکی لێ نەڕواوە. کەژەکە، بەردەڵانە و چاندنی دەنک و نەمامی بەڕوو کارێکی دژوارە. بەڵام باوەڕی ژینگەپارێزانی ئەم شارە بە دواڕۆژێکی سەوز بۆ وڵاتەکەیان، هەموو ئەو کۆسپ و سەختییانە لەسەر ڕێگا لا دەبات.
لە ساڵانی رابردوودا دارستانەکانی زاگرۆس ڕووبەڕووی مەترسی و هەڕەشەی لەناوچوون بوونەتەوە. هەر لە وشکەساڵییەوە تا خۆڵبارین و تووشبوونی دارەکان بە نەخۆشی و کرم و قاچاغچییانی دار هەڕەشە لەو سامانە دەکەن. لە بەرانبەریشدا ژینگەپارێزانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ساڵانە دەیان هەزار نەمامی داربەڕوو دەنێژن بەو هیوایی کوردستانێکی سەوز بۆ نەوەکانی داهاتوو جێ بێڵن.
