ترەمپ نرخی نەوتی بۆ کەمتر لە 60 دۆلار دابەزاند

نرخی نەوت دوای هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بە سەپاندنی پێناسی گومرگی زیاتر بەسەر کاڵاکانی چین بە %4 دابەزی.  وەبەرهێنەران لە بازاڕەکانی وزە نیگەرانن کە ڕەنگە بەرزبوونەوەی پێناسی گومرگی، ئابووریی جیهان خاوبکاتەوە و زیان بە خواستی جیهانیی نەوتی خاو بگەیەنێت.

لە دواین مامەڵەکانی ڕۆژی هەینی، نرخی یەک بەرمیل لە نەوتی خاوی برێنت بە 3.82% بۆ 62 دۆلار و 73 سەنت دابەزی کە بە نزمترین ئاستی  زیاتر لە پێنج مانگی ڕابردوو هەژمار دەکرێت. هاوکات، یەک بەرمیل لە نەوتی خاوی ئەمەریکا 4.24% دابەزی و بە 58 دۆلار و 98 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ ڕایگەیاند" ناچار دەبم، وەک سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لە ڕووی داراییەوە بەرپەرچی هەنگاوەکەیان بدەمەوە.

ترەمپ، دەشڵێت " یەکێک لەو سیاسەتانەی ئێمە لەم کاتەدا جێبەجێی دەکەین زیادکردنی پێناسی گومرگییە لەسەر ئەو کاڵایانەی لە چینەوە دێنە ئەمەریکا، گوتیشی: " زۆر ڕێوشێنی دیکە هەن، بە هەمان شێوەی کار بۆ جێبەجێکردنیان دەکەین".

وێڕای هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ، نرخی نەوت کەوتووەتە ژێر گوشاری زیادکردنی خستنەڕووی نەوتی خاو لەلایەن وڵاتانی ئۆپێک پڵەس، بڕیارە مانگانە بەرهەمهێنانی نەوت بە 137 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرزبکەنەوە.

کەمبوونەوەی گرژییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەت لە دوای ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل هێندەی دیکە فشاری بۆ نرخی نەوت هێناوە، لە دوو ساڵی ڕابردوودا بازاڕەکانی وزە چەندان جار کەوتووەتە لێواری مەترسی فراوانبوونی جەنگی ‌غەززە بە تایبەت بۆ وڵاتانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە ڕەنگە پچڕانی دابینکردنی نەوتی بۆ بازاڕەکانی جیهان لێبکەوێتەوە.

هێلیما کرۆفت، بەرپرسی ستراتیژیی کاڵاکان لە دامەزراوەی بانکی ئار بی سی دەڵێت "بەشداربووانی بازاڕ دەرفەتەکە دەقۆزنەوە و سەرنجەکانیان لە جیۆپۆلیتیکەوە بۆ خستنەڕوویی نەوتی خاو بۆ بازاڕەکانی جیهان دەگۆڕن"
نرخی نەوت لەمساڵدا بە زیاتر لە 17% بەهاکەی خۆی لەدەستداوە بەڵام سەرەڕای دابەزینی ئیدارەی زانیاریی وزەی ئەمەریکا پێشبینی دەکات، نرخی نەوت لە ساڵی داهاتوو بە نزمی بمێنێتەوە و تێکڕای نرخی نەوتی خاوی برێنت بە 51 دۆلار و 43 سەنت بێت.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment