کارێکی مرۆیی مەزن؛ هالاند بە نهێنی پارەی خواردنی منداڵانی قوتابخانەکانی بەریتانیا دەدات

بەم کارە خێرخوازییەی دڵی هەزاران منداڵی خۆش کردووە

هالاند لە دەستپێشخەرییەکی مرۆییدا پارەی خواردنی بۆ هەزاران منداڵی بەریتانیا داوە، کە باوک و دایکی ئەو منداڵانە بەهۆی قەیرانی داراییەوە نەیانتوانیبوو پارەی ساڵانەی خواردنی منداڵەکانیان لە قوتابخانەکانیان بدەن.

میدیاکانی بەریتانیا ئاشکرایان کردووە، ئێرلینگ هالاند هێرشبەری نەرویجی یانەی مانچیستەر سیتی ئینگلیزی لە دەستپێشخەرییەکی مرۆییدا پارەی خواردنی هەزاران منداڵی لە 85 قوتابخانەی بەریتانیا داوە، باوک و دایکی ئەو منداڵانە بەهۆی قەیرانی داراییەوە نەیانتوانیوە پارەی خواردنی مندالەکانیان لە قوتابخانەکانیان بدەن، منداڵەکانیان لە قوتابخانەکانیان بەبێ خواردن مابوونەوە.

ئێرلینگ هالاند بەبێ ئەوەی لێبگەڕێت کەس بەم کارەی بزانێت، بایی 654 هەزار پاوەند (ملیارێک و 144 ملیۆن دیناری عێراقی) قەرزی خواردنی منداڵانی 85 قوتابخانەی داوەتەوە و دڵی هەزاران منداڵی خۆش کردووە، گەرچی هێرشبەرە نەرویجییەکە پێداگیری لەسەر ئەوە کردووە ئەم کارەی بە نهێنی بمێنێتەوە، بەڵام بەڕێوەبەرانی قوتابخانەکان بابەتەکەیان ئاشکراکردووە و بە دایک و باوکی مندالەکانیان گوتووە، هالاند قەرزی خواردنی منداڵەکانی بۆ داونەتەوە.

میدیاکانی بەریتانیا ئاشکرایان کردووە، بەشێک لەو منداڵانەی بەهۆی هەژارییەوە نەیاندەتوانی پارەی خواردنی مانگانەیان لە قوتابخانەکانیان بدەن، کاتێک لەلایەن بەڕێوەبەرانەی قوتابخانەکانیانەوە ئاگادار کرابوونەوە لەمەودوا دەتوانن خواردن بخۆن و پارەی ساڵانەی خواردنیان دراوە، لە خۆشییان دەستیان بە گریان کردبوو.

یەکێک لە دایک و باوکی ئەو منداڵانەی هالاند پارەی ساڵانەی خواردنی بۆ دابوون، لە هەژماری خۆی لە سۆشیاڵ میدیا نووسیویەتی :'نەمدەزانی چۆن پارەی خواردنی ساڵانەی منداڵەکەم لە قوتابخانە بدەم، کاتێک پێیان گوتم هالاند پارەی خواردنی منداڵەکەی لەجیاتی من داوە، نەمزانی لە خۆشییان چی بکەم و چی بڵێم'.

 
 
Fly Erbil Advertisment