مەسرور بارزانی: هیوادارین پەیمانگەی ئەزهەر ببێتە هاندەرێکی دیکە بۆ زیاتر پێگەیاندنی زانایانی ئاینی میانڕەو

ئەمڕۆ یەکشەممە، 12ـی تشرینی یەکەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناغەی پەیمانگەی ئەزهەری لەهەولێر دانا.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، ڕیز و پێزانینی زۆرمان بۆ مامۆستایانی ئاینی هەیە و هیوای سەرکەوتنیان لە ئەرکی پیرۆزی خۆیان بۆ دەخوازم، لە وشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و برەودان بە کەلتووری بەیەکەوە ژیانی نێوان پێکهاتە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان، پەرەپێدانی پەیامی لێبوردەیی و خۆشەویستی لەنێوان کۆمەڵگەدا.
سەرۆک وەزیران گوتیشی: ئەمڕۆ کە بەردی بناغەی پەیمانگەی ئەزهەرمان دانا، هیوادارین ببێتە هاندەرێکی دیکە بۆ زیاتر پێگەیاندنی زانایانی ئاینی بە گیانی میانڕەویی، کە زانکۆی ئەزهەری شەریف لە جیهانی ئیسلامیدا پێیدا ناسراوە.
ئەمڕۆ بەردی بناغەی پەیمانگای ئەزهەر لەلایەن سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی دانرا، پەیمانگەی ئەزهەر لە ساڵی 2008 لەشاری هەولێر کراوەتەوە و خوێندنی ناوەندیی و ئامادەیی تێدایە، ئێستا 308 قوتابی تێیدا دەخوێنێت، ئەو قوتابیانە بۆ تەواوکردنی خوێندنی بەکالۆریۆس و ماستەر و دکتۆرا، لە وڵاتی میسر لە زانکۆی ئەزهەر درێژە بە خوێندنەکەیان دەدەن.
لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق تەنیا ئەو پەیمانگایە کراوەیە کە لە زۆربەی وڵاتان پەیمانگای ئەزهەر هەیە.
سەبارەت بە پەیمانگای پێش نوێژ و وتار خوێنانیش، دووەم ساڵی دەرچوونیانە کە لە ساڵی 2022، دامەزراوە، خوێندن تێدا دوو ساڵە بابەتەکانی ئایینی، شەرعی، ئەکادیمی و لێبوردەیی و مافی مرۆڤی تێدا دەخوێندرێت. مەبەستی سەرەکیشان پێگەیاندنی وتار بێژی میانڕەوە لە هەرێمی کوردستان.