ئارنۆڵد بۆ یارییەكەی سعوودیە موژدەیەكی خۆشی گەیاندە هاندەرانی عێراق
ئارنۆڵد: سعوودییەكان فشارێكی زۆریان لەسەرە

گراهام ئارنۆڵد، ڕاهێنەری هەڵبژاردەی عێراق، مژدەیەکی خۆشی بە هاندەرانی شێرەکانی رافیدەین گەیاند، پێش یارییە یەكلاكەرەوەكەیان لە پاڵاوتنەكانی مۆندیالی 2026 بەرامبەر سعوودیە.
رۆژی سێشەممەی داهاتوو لە شاری جەددە لەسەر بڕینی بلیتی مۆندیالی 2026، هەڵبژاردی سعوودیە لەنێو خاك و هاندەرانی میوانداریی عێراق دەكات، لەو یارییە سعوودیە بە یەكسانبوونیش دەگاتە مۆندیال، بەڵام مەرجی سەركەوتنی عێراق بۆ مۆندیالی داهاتوو تەنیا بردنەوەیە.
هەڵبژاردەی عێراق لە دوایین یاریی پاڵاوتنەكانی مۆندیال بە گۆڵێكی بێوەڵام شكستی بە ئیندۆنێسیا هێنا، لە دوای یارییەكە گراهام ئارنۆڵد راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند بۆ یاریی داهاتوو ئەیمەن حوسێن گۆڵكاری هەڵبژاردەكە دەگەڕێتەوە كە لە یاریی رابردوو بەهۆی پێكانەوە بەشداریی نەكرد.
گراهام ئارنۆڵد لەمبارەیەوە دەڵێت: بەرامبەر ئیندۆنێسیا بە پێكهاتەیەكی جیاواز یاریمان كرد، ئەمەش ناچاری بوو، چونكە بەشێك لە یاریزانەكانم بە هۆكاری جیاواز بۆ یارییەكە ئامادە نەبوون، بەڵام بۆ یاریی داهاتوو لە هەموو ڕووییەكەوە دەبێت باشتر بین.
راهێنەرە ئوسترالیییەكەی عێراق دەشڵێت: سەرەتا دەمەوێت سوپاسی هەمووان بکەم بەرامبەر ئەم بردنەوەیە، بە راستی ئاستی زیدان ئیقبال تەنانەت لە مەشقەكانیش سەرسامی كردووم، نایشارمەوە لە نیوەی یەکەم بەرامبەر ئیندۆنێسیا لەژێر فشاردا بووین، ئەوەش شتێکی ئاساییە، چونکە یاری یەکەممان بوو، پێموایە ئەمجارەیان فشارەکە هەموو لەسەر هەڵبژاردەی سعوودیە دەبێت، هەرچەندە ئەوان پێنج رۆژ دەرفەتی ئامادەکارییان بۆ ئەو یارییە هەیە و لە هۆتێل سەیری یارییەکەی ئێمەیان کرووە، دڵنیام یاریزانەکانمان بیر لەو بابەتە دەکەنەوە، لەبەر ئەوەی وڵاتێکی وەکو سعوودیە کە ئەو هەموو فشارەی لەسەر یاریزانەکانی هەیە، بێگومان یاریکردن بەرامبەریان قورس دەبێت، بەڵام متمانەیەکی تەواوم بە یاریزانەکانم هەیە.
ئارنۆڵد لە بەرسیڤێكی رۆژنامەنووساندا گوتیشی: ئێوە داوام لێدەكەن بەڵێن بدەم سەردەکەوین بۆ مۆندیال، ئەگەر 100% بزانم سەردەکەوین بۆ مۆندیال بێگومان هەر ئێستا ئەو بەڵێنەتان پێدەدەم، بەڵام تۆپی پێ یارییەکی قورسە و هەموو شتێک تێیدا چاوەڕوانکراوە. متمانیەکی تەواوم بە ستافی راهێنەرانی عێراق و تەواوی هاوڕێیەكانم لە هەڵبژاردەكە هەیە شەڕی مان و نەمان دەكەین و ئەو یارییە هاوشێوەی یارییەكی كۆتاییە، هەموومان دەزانین سەرکەوتن بۆ مۆندیال خەونێکە، نەک تەنها بۆ ئێوەی رۆژنامەنووسان بەڵکو بۆ هەموو گەلی عێراق. ئێمەش هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی بگەین بە خەونەکەمان، راستە قۆناغی رابردوو لەسەر تەنها یەک خاڵ نەمانتوانی بلیتی مۆندیال بەدەست بهێنین، بەڵام هیوایەکی زۆرمان بە داهاتوو هەیە و بە پشتیوانی خوای گەوەر سەردەکەوین بۆ مۆندیال.
لە كۆتایی دا ئارنۆڵد داوای لە هاندەرانی عێراق كرد ئاهەنگ نەگێرن چونكە هێشتا یارییەكی یەكلاكەرەوەیان لەبەردەم ماوە، تەنیا چاوەڕێ بكەن و لە هەموولایەكەوە پاڵپشتی دەروونی یاریزانەكان بكەن و متمانەیان پێبدەن بۆ ئەوەی لەو قۆناغە سەختەدا هەست بە پاڵپشتی گەلەكەیان بكەن.


