فلیك بۆ كلاسیكۆ هێڵێكی هێرشبەری نوێ تاقی دەكاتەوە
ئەستێرەیەكی بارسێلۆنا پێگەی خۆی لەدەست دا

بە گوێرەی راپۆرتێكی رۆژنامەوانی ئیسپانیا، هانزی فلیك، راهێنەری بارسێلۆنا بە تەواوەتی لە تواناكانی لیڤاندۆڤسكی بێهیوا بووە و دەیەوێت هێڵێكی بەهێزی هێرشبەر بۆ یاریی كلاسیكۆ تاقی بكاتەوە.
رۆژنامەی ماركای ئیسپانیا، لە بەدواداچوونێكدا ئاشكرای كردووە كە هانزی فلیك راهێنەری بارسێلۆنا دەیەوێت بۆ كلاسیكۆ لە هێڵی پێشەوە پشت بە تواناكانی (ماركۆس راشفۆرد و فێران تۆرێس) ببەستێت و بە یەكجاری لیڤاندۆڤسكی لە پێكهاتەی سەرەكی دووردەخاتەوە و لە كۆتایی ئەم وەرزەش هێرشبەرە پۆڵەندییەكە یانەكە جێدەهێڵێت.
ماركا ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە لیڤاندۆڤسكی بەهۆی ئەوەی ئەم وەرزە بە كەمی بەشداریی یارییەكانی كردووە و توانای جەستەییشی دابەزیوە، بۆیە هانزی فلیك چیتر بیر لەوە ناكاتەوە ئەو یاریزانە بگەڕێنێتەوە پێكهاتەی سەرەكی، لە بەرامبەردا راهێنەرە ئەڵمانییەكەی بارسێلۆنا دەیەوێت بۆ كلاسیكۆ فێران و راشفۆرد بەیەكەوە لە پێشەوە جووت بكات و گونجاندن لەنێوانیان دروست بكات.
ماركا هێمای بۆ ئەوەش كردووە فلیك هیچ رێگەیەكی دیكەی نییە و دەبێت كار لەسەر بەكارهێنانی فێران و راشفۆرد بكات و لەم وەرزە بەرامبەر ریال ئۆڤیدۆ ئەم دووانە بەیەكەوە یارییان كرد ئەگەرچی لەو یارییە گۆڵیان نەكرد، بەڵام رۆڵێكی باشیان لە سەركەوتنی یانەكەیان بینی.
بارسێلۆنا رۆژی 26ـی ئەم مانگە لە یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ دەبێتە میوانی ریال مەدرید، پێش ئەم یارییە بارسا دەبێت دوو یاریی دیكە بەرامبەر جیرۆنا و ئۆلێمپیاكۆس بكات.