وەزیری پەروەردە: ھەركات پێویست بێت دەرگای قوتابخانەكان دادەخەین

"ئەگەر ھەموو قوتابیانمان بردبایەوە ناو پۆلەكان، ئێستا تووشی گەورەترین كێشە دەبووین"

K24 - ھەولێر

وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند هەر کاتێک پێویست بکات, بۆ پاراستنی گیانی قوتابیان و مامۆستایان دەرگای قوتابخانەکان دادەخەن.

ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا گوتی: "ئەگەر دەرگای قوتابخانەكانمان بە تەواوی بكردبایەوە و ھەموو قوتابیانمان بردبایە ناو پۆلەكان، ئێستا تووشی گەورەترین كێشە دەبووین، ئێمەش دەزانین خوێندنی ئەلیكترۆنی جێگەی خوێندنی ناو پۆل ناگرێتەوە، بەڵام بۆ ئەوەی كارەساتی تەندروستی روونەدات، ناچاربووین ئەم رێگەیە بگرینەبەر، بەداخەوە ھەندێكجار ئەو بڕیارانە بۆ موزایەدە بەكاردەھێندرێن، كەرتی پەروەردە كەرتی سیاسەتبازی و موزایەدات نییە، كێ جێگرەوەی باشتری ھەیە لەوەی ئێمە با بیخاتەڕوو، ئەو رێگەیەی كە ئێمە ھەڵمان بژاردووە بۆ سەلامەتی مامۆستا و قوتابیانە".

وەزیری پەروەردە، گوتیشی: "ھەركاتێك پێویست بكات، وەزارەتی پەروەردە دەرگای قوتابخانەكان دادەخات".

ئەم گوتانەی وەزیری پەروەردە لە كاتێكدایە، بەھۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا ئەمساڵ پرۆسەی خوێندن لە ھەرێمی كوردستان كراوە بە ئەلیكترۆنی و تەنھا پۆلی یەك و دووەمی بنەڕەتی و پۆلی 12ی ئامادەیی لەناو پۆلەكان وانەكان دەخوێنن.