ئێران بەشداریی لووتکەی شرم شێخ ناکات

سەرچاوەکان بە ئاژانسی هەواڵی (تەسنیم)ـی فەرمی ئێرانیان ڕاگەیاندووە، سەرباری ئەوەی بانگهێشتی فەرمی بۆ ئێران هاتووە بەشداریی لووتکەی شرم شێخ بکات بۆ ئاگربەستی غەززە، بەڵام سبەی ئێران لەم لووتکەیە بەشداریی ناکات.

سبەی دووشەممە 13ـی تشرینی یەکەمی 2025، شرم شێخی میسر، لووتکەی نێودەوڵەتی ئاگربەستی غەززەی لەنێوان ئیسرائیل و حەماس تێدا بەڕێوەدەچێت کە بڕیارە زیاتر لە 20 سەرۆکی وڵات و ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان تێیدا ئامادەبن.

سەرۆکایەتی کۆماری میسر دوێنێ شەممە ڕایگەیاندبوو، لووتکەی نێودەوڵەتی (شرم شێخ بۆ ئاشتی)، ڕۆژی 13ـی تشرینی یەکەمی 2025، بە سەرۆکایەتیی عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بەڕێوە دەچێت.

ئاماژەی بەوەش کردبوو، سەرۆكی زیاتر لە 20 وڵاتی جیهان لە لووتکەکە بەشدار دەبن بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە.

هەر یەک لە کییەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا، فرێدریچ مێرتز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا لە لووتکەکەدا دەیانەوێت مێژووێک بۆ خۆیان تۆمار بکەن لەپێناو ئاشتیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوای دوو ساڵ لە شەڕ و خوێنڕشتن لە کەرتی غەززە.

لەگەڵ ئەوانیشدا، پێدرۆ سانشیز، سەرۆک وەزیرانی ئیسپانیا، جۆرجیا میلۆنی، سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا و ئەنتۆنیۆ کۆستا، سەرۆکی ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەورووپا بەشدار دەبن.

هەمان کات، حوسام بەدران، سەرکردە لە مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس ڕایگەیاندووە، سبەی دووشەممە بزووتنەوەی حەماس بەشداریی لووتکەی واژۆکردنی ڕێککەوتنی شرم شێخ ناکات بۆ ئاگربەستی غەززە، بەڵکوو پرسەکەی بۆ  نێوەندگیرەکان و ئەمەریکا و ئیسرائیل جێهێشتووە.

ڕێککەوتنەکە لە بارەی ئاڵوگۆڕکردنی ئازادکردنی 47 بارمتەی ئیسرائیلی ژێر دەستی حەماس لە غەززەن لەکۆی 251 بارمتە کە لەژێر دەستیدا بوون دوای ئەوەی لە هێرشی 7ـی ئۆکتۆبەر بۆ سەر ئیسرائیل کەوتبوونە ژێر دەستی حەماس، لەگەڵ ڕادەستکردنەوەی ڕوفاتی بارمتەیەک کە ساڵی 2014 دەستبەسەر کرابوو، لە بەرانبەر ئەوەدا ئیسرائیل، 250 زیندانیکراوی فەڵەستینی کە سزای تاهەتاییان بەسەردا سەپێنراوە، ئازاد بکات و لەگەڵ هەزار و 700 فەڵەستینی خەڵکی غەززە کە لەوەتەی شەڕەکە دەستی پێکردووە، لەلایەن ئیسرائیلەوە دەستگیر کراون.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment