ناتانیاهۆ و هاوژینەکەی نامەیەکیان بۆ بارمتە ئازادکراوەکان نووسیوە

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و سارای هاوژینی، نامەیەکی دەستنووسیان بەبۆنەی ئازادکردن و پێشوازیی لە بارمتە جووەکانی دەستی حەماس نووسیوە.
ڕۆژنامەی 'جۆرالیزم پۆست'ـی ئیسرائیل ئەمڕۆ دووشەممە 13ـی تشرینی یەکەمی 2025، کورتە نامەکەی ناتانیاهۆ و سارای بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی نامەکە پەیامێکی کورتە بۆ بارمتە ئازادکراوەکانیان نووسیوە.
بە گوێرەی ڕۆژنامەکە لە پەیامەکەدا نووسیویانە "بە ناوی هەموو گەلی جوو، بەخێر بێنەوە، ئێمە چاوەڕێی ئێوە بووین و لە باوەشتان دەگرین".
کەمێک لەمەوبەر سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، لەلایەن ڕێکخراوی خاچی سوورەوە زانیارییان پێدراوە، کە چەکدارانی حەماس لە کۆی ئەو 20 بارمتەی بڕیارە ئازادیان بکات، ئێستا لە خان یونسی کەرتی غەززەوە حەوت بارمتەیان ڕادەستی خاچی سوور کردووە و لە ڕێگەدان بۆ ئەوەی ڕادەستی سوپای ئیسرائیل و دەزگای ئاسایشی گشتیی (شاباک)یان بکەنەوە.
سوپای ئیسرائیل ڕاشیگەیاندووە، هەموو ئامادەکارییەکی کردووە بۆ پێشوازیی لە بارمتەکانی دیکە، کە بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە، بەر لە بەڕێوەچوونی لووتکەی شەرم شێخ لە میسر ئازاد بکرێن و لە ڕێگەی خاچی سووری نێودەوڵەتییەوە ڕادەستی ئیسرائیل بکرێنەوە.