نزیکبوونەوەی ئەنقەرە و دیمەشق هەڕەشە لە ئایندەی هەسەدە دەکات

کۆبوونەوە ئاستبڵندەکانی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق و نزیکبوونەوەی دیمەشق لە هێزەکانی سووریای دیموکرات و لێدوانی ئەم دواییەی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، ئاماژەن بۆ ئەو گۆڕانە مەیدانی و ستراتیجییانەی قووڵتر لە ڕووڵەت دەردەکەون.

بە قسەی فیدان، ئەنقەرە ئاسایش سووریا لە ئاسایشی تورکیا جیا ناکاتەوە و مەبەستی گفتۆگۆ و کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ سووریا، دابینکردنی ئاسایشی سووریا و پاراستنی یەکێتیی خاکەکەیەتی.

سەرچاوە ئاگەدارەکان، دەڵێن: "یەکێک لە دۆسییە سەرەکییەکانی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق، دۆسییەی هێزەکانی سووریای دیموکرات 'هەسەدە'یە. تورکیا داوا دەکات هەسەدە چەکەکانی ڕادەست بکات و بە تەواوەتی تێکەڵی سووپای سووریا بکرێت. لە کاتێکدا دیمەشق دەیەوێت تۆڕی ئاڵۆزیی بەرژەوەندییە ناوخۆییەکانی بپارێزێت و ئەنقەرەش تووڕە نەکات."

کۆبوونەوەی دیمەشق و هەسەدە، سەرەتای گۆڕانی دۆخی ئەمنیی

وادیارە لە کۆبوونەوەی ئەم دواییەی نێوان ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هەسەدە، بە ئامادەبوونی نوێنەرانی ئەمەریکا، نەخشەڕێگەی پەیوەندیی داهاتووی نێوان داڕێژرابێت.

بە گوێرەی لێکگەیشتنە بنەڕەتییەکان، هەسەدە ئامادەیی خۆی بۆ ڕادەستکردنی بەرهەمی  کێڵگەنەوتەکەی دیرەزووری بە دیمەشق دەربڕیووە، پاش ئەوەی بەشی بەکار‌هێنانی ناوخۆیی لێ گلدەداتەوە.

ئەم هەنگاوە، دەرگەی تێکەڵکردنی قۆناغ بە قۆناغی هەسەدە لە دەوڵەتی سووریادا دەکاتەوە. هەنگاوێک، کە لەلایەن ئەنقەرەوە بە وردی چاودێریی دەکرێت. کێشەی تورکیا ئەوەیە، هێشتا هەسەدە وەک هێزێکی نیشتمانیی سووری ناناسێت، بەڵکوو  بە ڕووکەشی پەکەکەی دەزانێت، دیارە پەکەکەش لە لایەن تورکیاوە ڕێکخراوێکی تیرۆریستییە و هەڕەشە لە ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا دەکات!

کۆتایی پرۆژەی لامەرکەزیی سووریا

موهەند حافزئۆغڵو، پسپۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، بە کەناڵی (سکای نیوز)ی گوت: ئێستا ناوچەکە دوا ساتەکانی دووبارە بنیاتنانەوەی دەوڵەتی سووریای دەستووری لەسەر هەردوو ئاستی ئاسایش و سەربازیی، بەڕێ دەکات.

حافزئۆغڵو، گوتی: ئێستا کە چارەسەری کێشەی لوبنان لە کوتایی نزیک دەبێتەوە، دۆسییەی سەرەکیی سووریا، دوو بەشی گرنگ لەخۆ دەگرێت، هەسەدە لە لایەکەوە و سووەیدا و باشووری سووریا لە لایەکی دیکەوە. جووڵەکانی تورکیا لە پێناو چارەکردنی ئەم دوو کێشەیەدان.

حافزئۆغڵو، لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: بەلای تورکیاوە، هەسەدە درێژەی پارتی کرێکارانی کوردستانە و بەهاوکاریی ئێران، لە جەزیرەی سووریادا بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بەڕێوە دەبات؛ کەواتە مانەوەی هەسەدە وەک هێزێکی سەربەخۆ و کاریگەر لە چوارچێوەی سووپای سووریا، یاخود دامەزراندنیان لە ناوچە سنوورییەکاندا، لە لایەن ئەنقەرە و دیمەشقەوە قبووڵ ناکرێت.

 

 

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment