ئێران، شێرپەنجەی مەمک لەنێوان ئامارە بەرزەکان و نایەکسانیی دەرفەتی چارەسەردا

شێرپەنجەی مەمک، ئێستا باوترین جۆری شێرپەنجەیە لەنێو ئافرەتی ئێراندا و بەپێی نوێترین ئامارەکان، لە هەر کاتژمێرێکدا دوو ئافرەتی ئێرانی تووشی ئەم نەخۆشییە دەبن. ئەم ژمارەیە، بە گوتەی ئازادە جولایی، بەڕێوەبەری پەیمانگای شێرپەنجەی مەمک لە تاران، نیشانەی زۆربوونی بەردەوامی تووشبوونە لە دەیەی ڕابردوودا.

 ئازادە جولایی، ڕایگەیاند "ساڵانە نزیکەی 19 هەزار ئافرەت لە وڵاتەکەماندا تووشی شێرپەنجەی مەمک دەبن؛ لە  کاتێکدا 10 ساڵ لەمەوبەر ساڵانە 13 هەزار ئافرەت تووش دەبوون؛ هەموو حاڵەتەکانی تووشبوون لە سیستەمی نیشتمانی تۆمار ناکرێن و ئاماری تەواو لە بەردەستدا نییە، بەڵام بەم داتایانەشەوە تێکڕای 50 حاڵەتی دەستنیشانکردن لە ڕۆژێکدا تۆمار کراوە. زۆرترین ڕێژەی بڵاوبوونەوەی ئەم شێرپەنجەیە لە پارێزگاکانی ئەسفەهان و یەزد ڕاگەیەندراوە."

کەمپەینی بەرەنگاربوونەوە

ئەم نەخۆشییە هەم لە ئێران و هەم لە ئاستی جیهاندا، باوترین جۆری شێرپەنجەیە لەنێو ئافرەتدا و لە ئاستی جیهانیشدا، لە سەرووی لیستی جۆرەکانی شێرپەنجەدا، جێگەی شێرپەنجەی سییەکانی گرتۆتەوە. زیادبوونی بەرچاوی ئاماری تووشبوون لە ساڵانی ڕابردوودا بووەتە هۆی ئەوەی مانگی تشرینی یەکەم لە سەرانسەری جیهاندا بە مانگی هۆشیاریی دەربارەی شێرپەنجەی مەمک ناو ببرێت. لەم مانگەدا، هێمای شریتی پەمەیی لەسەر باڵەخانە و شوێنە گشتییە گەورەکان دادەنرێت بۆ جەختکردنەوە لەسەر گرنگیی دەستنیشانکردنی پێشوەختی ئەم نەخۆشییە.

یەکەمین کەمپەینی جیهانیی بۆ زانیاریی دەربارەی شێرپەنجەی مەمک، لەلایەن کۆمەڵەی شێرپەنجەی ئەمەریکاوە بە هاوکاریی پیشەسازییە دەرمانسازییەکان لە ساڵی 1985ی زاینیدا دەستی پێ کرد. ئامانجی ئەم کەمپەینە، زیادکردنی هۆشیاری بوو دەربارەی مەمۆگرافی وەک کاریگەرترین ڕێگەی دەستنیشانکردنی پێشوەخت. بەکارهێنانی شریتی پەمەیی وەک هێمای ئەم هەڵمەتە لە ساڵی 1990ی زاینیدا بە دەستپێشخەریی سۆزان کۆمان, لە دامەزراوەی شێرپەنجەی مەمک دەستی پێ کرد و وردە وردە بوو بە نیشانەیەکی جیهانی.

ئامارێکی ترسناک

توێژینەوەیەکی نوێی توێژەرانی ئێرانی، بە پشتبەستن بە داتاکانی نیشتمانی لە ساڵی 2020 ، دەردەکەوێت ڕێژەی گشتیی شێرپەنجەکان لە ساڵانی2016 بۆ 2025، نزیکەی 43% گەشەیان کردووە. لەم نێوەندەدا ڕێژەی تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک نزیکەی 63% مەزەندە کراوە کە 20% زیاترە لە تێکڕای کۆی گەشەی شێرپەنجەکان.

 ئەم داتایانە، بەبێ لەبەرچاوگرتنی حاڵەتەکانی شێرپەنجەی پێست، نیشانی دەدەن شێرپەنجەی مەمک لە ڕووی خێرایی گەشەوە لە دوای شێرپەنجەی غوددە بە ڕێژەی 114% و شێرپەنجەی پرۆستات بەڕێژەی 67%، لە پلەی سێیەمدا دێت.  

ڕەزا مەلەک زادە، توێژەر لە بواری شێرپەنجەدا، دەڵێت: لەنێو ئافرەتی ئێرانیدا شێرپەنجەی مەمک لە پلەی یەکەمدایە و دوای ئەویش شێرپەنجەکانی ڕیخۆڵە ئەستوورە، غوددە، گەدە، منداڵدان، خوێن و هێلکەدان لەنێو زۆرترین حاڵەتەکانی تووشبووندان. 

جەعفەر جەندەقی، بەڕێوەبەری گشتیی نووسینگەی بەڕێوەبردنی نەخۆشییە دەگمەنەکانی وەزارەتی تەندروستی، لە کۆبوونەوەی ئەم دواییەی تۆڕی نیشتمانیی ڕێکخراوە ناحکومییەکان و دامەزراوە خێرخوازییەکانی بواری شێرپەنجەدا ڕایگەیاند "بەرزترین ڕێژەی تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک لە ئافرەتی تەمەن 65 بۆ 69 ساڵدا دەبینرێت."

گرنگیی پشکنینی پێشوەخت

پزیشکە پسپۆڕەکان لایانوایە "دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە لە کاتی خۆیدا و هەڵبژاردنی ڕێگەی چارەسەری گونجاو لەگەڵ قۆناغی نەخۆشییەکەدا، ئەگەری چاکبوونەوە بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات."

ناهید نەفیسی، سەرۆکی کۆمەڵەی نەخۆشییەکانی سنگ، لە یەکەمین کۆنفرانسی زانستیی نەشتەرگەری پێشکەوتووی سنگدا ڕایگەیاند "شێرپەنجەی مەمک زۆرجار، بەبێ نیشانەی دیاریکراو گەشە دەکات و کاتی دەستنیشانکردن لە پرۆسەی چارەسەردا ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی هەیە. ئێستا بە بەکارهێنانی ئامێری نوێ دەتوانرێت قەبارەی گرێیەکە پێش نەشتەرگەری کەم بکرێتەوە تاوەکوو چارەسەری دەرمانی و کیمیایی بە وردییەکی زیاترەوە بکرێت."

نەفیسی، ڕایگەیاند "لە هەر 40 خولەکدا، ئافرەتێکی ئێرانی تووشی شێرپەنجەی مەمک دەبێت و ئەگەر ڕەوتی ئێستا بەردەوام بێت ئەم ئامارە تا ساڵی 2030ی زایینی دوو بەرانبەر دەبێت. بۆیە پێویستە ئافرەتانی ئێرانی بە شێوەیەکی ڕێک و پێک پشکنینی خولی بکەن، تا لە ئەگەری تووشبووندا نەخۆشییەکە لە قۆناغە سەرەتاییەکانیدا دەستنیشان بکرێت."

سەرۆکی کۆمەڵەی نەخۆشییەکانی سنگ، هەروا گوتی: لە ڕوانگەی پسپۆڕانەوە، زیادبوونی ڕێژەی تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک لە ئێراندا دەرئەنجامی تێکەڵەیەکە لە هۆکارە بۆماوەیی، ژینگەیی و ڕەفتارییەکان؛ هەروا گۆڕانی شێوازی ژیان، خۆراکی ناتەندروست، کەم جووڵەیی و بەکارهێنانی خۆراکی پڕ چەوری یان دەستکاریکراو زەمینەی تووشبوون بە نەخۆشییەکە زیاد دەکەن. 

قەیرانی دارایی، مۆتەکەی سەر سنگی هەژاران

 یەکێک لە گرنگترین ئاڵنگارییەکانی بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجەی مەمک لە ئێراندا، نایەکسانیی ئابووری و جوگرافییە. دەستڕاگەیشتنی نایەکسان بە خزمەتگوزارییەکانی پشکنینی گشتی، بەتایبەتی مەمۆگرافی، بووەتە هۆی ئەوەی کە زۆرێک لە ئافرەتان لە شارە بچووکەکان و ناوچە کەم دەرامەتەکاندا لە دەستنیشانکردنی پێشوەختە بێبەش بن. تەنانەت لە شارە گەورەکانی وەک تاران و ئەسفەهانیشدا، ڕێژەی پشکنینی گشتیی، بەپێی توانای دارایی خێزانەکان جیاوازە و ئافرەتی کەمدەرامەت زۆرجار بەهۆی تێچووی بەرز، یان نەبوونی بیمەی کاریگەرەوە، ناتوانن ئەو پشکنینانە بکەن.

زۆرێک لە نەخۆشانی تووشبوو بە شێرپەنجەی مەمک لە ئێراندا، جگە لە ئازاری نەخۆشییەکە، ڕووبەڕووی ئاستەنگی دارایش دەبنەوە. لە ساڵانی ڕابردوودا، قەیرانی دەرمان بووەتە هۆی کەمیی دەرمانەکانی چارەسەری کیمایی و هۆرمۆنی و نەخۆشان ناچارن دەرمانەکانیان لە بازاڕی ئازاد و بە نرخێکی زۆر گران بکڕن.

 بە وتەی شارەزایانی بواری نەخۆشیی شێرپەنجەی مەمک، تێچووی مانگانەی دەرمان و خزمەتگوزارییە پەیوەندیدارەکان بۆ هەندێک نەخۆش، دەگاتە سەد ملیۆن تومەن، لە بارودۆخی ئێستادا زۆربەی خەڵک، توانای دابینکردنی ئەو بڕە پارەیان نییە. نەبوونی بیمەیی گشتیی بۆ دەرمانە نوێیەکان و خزمەتگوزارییە تایبەتەکانی چارەسەر، فشارێکی دەروونی و دارایی زۆری خستۆتە سەر نەخۆشان و خێزانەکانیان. 

ئەم دۆخە بووەتە هۆی زیادبوونی دڵەڕاوکێ، خەمۆکی و نائومێدی بەرامبەر بە داهاتووی چارەسەر و بۆ خێزانەکانیش چاودێریکردنی نەخۆشەکانی قورستر کردووە. 

                      

 
 
Fly Erbil Advertisment