سەرجەم بارمتە ئیسرائیلییەکان ئازاد کران

کەتیبەکانی قەسام، باڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماس، 13 بارمتەی دیکەی ئیسرائیلییان لە شاری خان یوونس، ڕادەستی ڕێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی کرد. بەم جۆرە، پرۆسەی ئازادکرانی سەرجەم بارمتە زیندووەکانی ئیسرائیل کۆتایی هات.
دووشەممە، 13ـی تشرینی یەکەم 2025، سەرچاوەیەک لە سوپای ئیسرائیل، ڕایگەیاند " خاچی سووری نێودەوڵەتی بارمتە ئازادکراوەکانی وەرگرتووە و ئێستا بەرەو ئیسرائیل بەڕێوەن."
لە دوێنێ شەوەوە خەڵکێکی زۆر بە دیار شاشە گەورەکانی تەلەفزیۆنەوە لە تەلئەڤیڤ کۆبوونەوە و چاوەڕێی ئازادکرانی بارمتەکانیان دەکرد، کاتێک دیمەنی ڕادەستکردنی بارمتەکان نیشان درا، خەڵکەکە لە خۆشیاندا دەستیان بە هاوار و چەپڵەلێدان کرد.
ڕۆنی ئەدری، تەمەن 54 ساڵ، کەسێکی نزیکی یەکێک لە بارمتەکان، بە ئاژانسی هەواڵی فەرەنسای گوت: دەمێکە چاوەڕێی ئەم ساتە مەزنەین، بەڵام هێشتا دڵگرانین بەوەی هەندێک لە بارمتەکان بە زیندوویی ناگەڕێنەوە. ئیتر دوو ساڵ لە شەڕی ماڵوێرانکەر تەواو بوو. ئەمە ڕۆژێکی خۆشە."
بە گوێرەی نەخشەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی ئاگربەستەکەدا، ئیسرائیل 250 زیندانیی ئەمنیی فەڵەستینی و هەزار و 700 فەڵەستینی دیکە ئازاد دەکات و لە بەرانبەردا، بزووتنەوەی حەماس سەرجەم بارمتە ئیسرائیلییەکان ئازاد دەکات.