ئەگەر عێراق لە سعوودیەش نەباتەوە هێشتا دەتوانێت بگاتە مۆندیال؛ بەڵام چۆن؟
رێگای گەیشتنی عێراق لە قۆناخی پاشکۆی مۆندیالی 2026

عێراق بە بردنەوەی لە سعوودیە راستەوخۆ دەگاتە مۆندیالی 2026، بەڵام ئەگەر لەو یارییەش بلیتێکی گەیشتن بە مۆندیال بەدەست نەهێنێت هێشتا هیوای دەمێنێت، لە قۆناخی پاشکۆ رێگایەکی ئاڵۆز و قورسی لەپێش دەمێنێت بۆ ئەوەی بلیتێکی مۆندیالەکەی ئەمریکا ببڕێت.
عێراق لە قۆناخی چوارەمی پاڵاوتنی ئاسیا بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2026 ئەگەر پلەی یەکەمی کۆمەڵەکەی بەدەست بهێنێت، راستەوخۆ دەگاتە مۆندیال، بەڵام ئەگەر پلەی دووەم بەدەست بهێنێت، سێ هەنگاوی لە بەردەم دەمێنێت بۆ ئەوەی خەونە لەمێژینەکەی بهێنێتەدی.
لە قۆناخی پێنجەمی پاڵاوتنی ئاسیا بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2026، رۆژی 18ـی مانگی داهاتوو لە دوو یاریی چوون و گەڕانەوە رووبەڕووی پلەی دووەمی کۆمەڵەکەی دیکە دەبێتەوە، بۆ ئەوەی نیو کورسییەکەی کیشوەری ئاسیا بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2026 یەکلایی بکەنەوە، ئەگەر عێراق لەو قۆناخە سەربکەوێت ئەوا وەکو نوێنەری ئاسیا دەگاتە قۆناخی پاشکۆی پاڵاوتنی مۆندیال.

قۆناخی پاشکۆی پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026 چۆن دەبێت؟
شەش هەڵبژاردە لە کیشوەرە جیاوازەکان دەگەنە قۆناخی پاشکۆی پاڵاوتنی مۆندیالی 2026، هەڵبژاردەیەک لە ئاسیا (لە نێوان دووەمی کۆمەڵەی یەکەم و دووەم)، دوو هەڵبژاردەی کۆنکاکاف، هەڵبژاردەیەکی ئەفریقا، هەڵبژاردەیەکی ئۆقیانووسیا و هەڵبژاردەیەکی کۆنمیبۆڵ لە قۆناخی پاشکۆ ئەو دوو بلیتە یەکلایی دەکەنەوە کە دەگەنە مۆندیالی 2026.
ئەگەر عێراق لە قۆناخی پێنجەمی پاڵاوتنەکانی ئاسیا لە پلەی دووەمی کۆمەڵەکەی دیکە بباتەوە، ئەوا وەکو نوێنەری کیشوەری ئاسیا دەگاتە قۆناخی پاشکۆی پاڵاوتنەکان، مانگی مارسی 2026 لەوێ سەرەتا رووبەڕووی هەڵبژاردەیەکی کۆنکاکاف دەبێتەوە، ئینجا ئەگەر ئەو یارییەی بردەوە، ئەوا لە قۆناخی دواتر بەرامبەر هەڵبژاردەیەکی ئەفریقا یاریی دەکات، ئەگەر لەوێش بباتەوە ئینجا بلیتێکی مۆندیال بەدەست دەهێنێت.
یارییەکانی قۆناخی پاشکۆی پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026 مانگی مارس/ئازاری ساڵی داهاتوو لە مەکسیک و کەنەدا بەڕێوە دەچن.
