بەرهەمهێنانی نەوتی وڵاتانی ئۆپێک پڵەس لە مانگی ئەیلوول ڕۆژانە 630 هەزار بەرمیل زیادی کردووە

لە مانگی ئەیلوول بەرهەمهێنانی نەوتی وڵاتانی ئۆپێک پڵەس ڕۆژانە 630 هەزار بەرمیل زیادی کردووە، لە هەمان ماوەدا بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق 65 هەزار بەرمیل بەرزبووەتەوە و نزیک بووەتەوە لە چوار ملیۆن 70 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
دووشەممە، 13ـی تشرینی یه‌كه‌می 2025، ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوتی خاو ناسراو بە (ئۆپێک) ڕاپۆرتی مانگانەی بڵاوکردەوە، بە گوێرەی راپۆرتەکە، بەرهەمهێنانی نەوتی وڵاتانی ئۆپێک پڵەس لە مانگی ئەیلوول بە 630 هەزار بەرمیل بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 43.046 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا و هەر یەکە لە سعوودیە و ڕووسیا پێشەنگی بەرزبوونەوەی بەرهەمهێنانی نەوتیان گرتووە.
هاوکات، کۆی بەرهەمهێنانی 12 وڵاتی ئەندام لە ڕێکخراوی ئۆپێک بە 524 هەزار بەرمیل بەرزبووەتەوە و کۆی بەرهەمهێنانی ڕۆژانە گەیشتووەتە 28.440 ملیۆن بەرمیل. 
ئامارەکان دەریانخستووە، ئاستی بەرهەمهێنان لە 15 وڵات زیادی کردووە، سعوودیە بەرهەمهێنانی نەوتی بە 248 هەزار بۆ 9.961 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرزکردووەتەوە، دوای ئەویش ڕووسیا دێت کە بەرهەمهێنانی بە 148 هەزار بۆ 9.321 ملیۆن بەرمیل زیاد کردووە، بە دوای ئەوانیش ئیمارات بە 98 هەزار بۆ 3.353 ملیۆن بەرمیل، عێراق بە 65 هەزار بۆ 4.066 ملیۆن بەرمیل بەرهەمهێنانیان بەرزکردووەتەوە.
لە بەرانبەردا، بەرهەمهێنانی نەوت لە حەوت وڵات دابەزیوە، ئاستی بەرهەمهێنانی کازاخستان بە 26 هەزار بەرمیل، نەیجیریا بە 21 هەزار بەرمیل، مەکسیک بە 13 هەزار بەرمیل، باشووری سوودان بە حەوت هەزار بەرمیل پاشەکشەی کردووە.
بەرزبوونەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لە چوارچێوەی بڕیاری وڵاتانی ئۆپێک پڵەسە، دوای ئەوەی تاوەکوو کۆتایی مانگی ئەیلوول سعوودیە و حەوت وڵاتی دیکەی هاوپەیمانی ئۆپێک پڵەس کۆتاییان بە کەمکردنەوەی خۆبەخشانی نەوتی خاو هێنا و 2.2 ملیۆن بەرمیل نەوتیان گەڕاندەوە بازاڕەکان، لە دوا کۆبوونەوەی نێوانیاندا، کۆک بوون لەسەر گەڕاندنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی زیاتر بۆ بازاڕەکان، بەچەشنێک قۆناغ بە قۆناغ 1.65 ملیۆن بەرمیل نەوت تاوەکو نۆڤێمبەری 2025 دەگەڕێنەوە بازاڕەکان.
لەبارەی پێشبینییەکان بۆ خواست لەسەر نەوتی خاو، رێکخراوی ئۆپێک پێشبینی دەکات، ساڵی 2026 خواست لەسەر نەوتی خاو بە 1.38 ملیۆن بەرمیل بەرزبێتەوە و بگاتە 106.52 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا. چاوەڕوان دەکرێت هیندستان پێشەنگی گەشەی خواست بێت و ساڵی داهاتوو خواستی ئەو وڵاتە بۆ نەوتی خاو بە 220 هەزار گەشە بکات و کۆی خواستی رۆژانەی بگاتە 5.88 ملیۆن بەرمیل ، دوای ئەویش چین بێت بە گەشەی 200 هەزار بۆ 17.03 ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە.

 
Fly Erbil Advertisment