20 ملیۆن دۆلار بۆ هاوکاریی غەززە تەرخان دەکرێت

ئەمرۆ سێشەممە، 14ـی تشرینی یەکەمی 2025، تۆم فلیچەر، ڕێکخەری فریاگوزاریی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان 11 ملیۆن دۆلاری دیکەی لە سندووقی وەڵامدانەوەی فریاگوزاریی بۆ هاوکارییە مرۆییەکانی غەززە تەرخانکرد.
ئەمەش لەکاتێکدایە هەفتەی ڕابردوو نەتەوە یەکگرتووەکان نۆ ملیۆن دۆلاری بۆ دابینکردنی سووتەمەنی بۆ کەرتی غەززە تەرخان کردبوو، بەمەش کۆی گشتی بودجەی سندووقی وەڵامدانەوەی فریاگوزاریی بۆ غەززە گەیشتە 20 ملیۆن دۆلار.
تۆم فلیچەر، گوتی: ئەم پارەیە یارمەتیدەر دەبێت بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییە بەپەلەکان، بەڵام هۆشداریدا لەوەی کە بەبێ هاوکاریی کردنی سندووقی وەڵامدانەوەی فریاگوزاریی، یارمەتییە پێویستەکان بەردەوام نابن بۆ ئەوانەی پێویستیانە.
تۆم فلیچەر کە لە لووتکەی شەرم شێخ بەشدار بوو، ئاماژەی بە ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان و زیندانییە فەڵەستینیەکان کرد و گوتی: هەنگاوێکی چارەنووسسازە بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئاشتی.
فلێچەر جەختی کردەوە کە ئەمە ساتێکی پڕ لە هیوایە بۆ ئیسرائیلیەکان و فەڵەستینییەکان، هەروەها فراوانکردنی هاوکارییە مرۆییەکان کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و هاوبەشەکانی پلانی بۆ دانراوە بۆ کەرتی غەززە، بە خێرایی بەرەوپێش دەچێت.
هاوکات، نووسینگەی هەماهەنگی کاروباری مرۆیی (OCHA) ڕایگەیاند، بەپێی پلانەکان بۆ 60 ڕۆژی یەکەمی ئاگربەستەکە، نەتەوە یەکگرتووەکان و هاوبەشەکانی هاوکاریی و خزمەتگوزارییەکانی پێشکەش بە خەڵکی کەرتی غەززە دەکات، کە لە هەر شوێنێک پێویستیان پێی هەبێت، لەوانە خۆراک، ئاو، خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان، پێداویستییەکانی شوێنی نیشتەجێبوون و پاڵپشتیی پاراستن و هاوکارییە پێویستەکانی دیکە.
میکانیزمی 2720ـی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە، ڕەزامەندی ئیسرائیلیان بۆ یارمەتییە مرۆییەکان وەرگرتووە، بەمەش قەبارەی هاوکارییە ڕێگەپێدراوەکان گەیشتووەتە 190 هەزار تۆن.
ئەم پێداویستیانە لە سەرانسەری ناوچەکەدا وەک ئوردن، میسر، ئیسرائیل، قوبرس و کەناری ڕۆژئاوا ئامادەکراون بۆ گەیاندنیان بەخەڵکی غەززە، هەندێکیان لە ڕێگادان، چونکە نەتەوە یەکگرتووەکان و هاوبەشەکانی بەردەوامن لە هێنانی پێداویستییەکان بۆ غەززە.
دووشەممە 13ـی تشرینی یەکەمی 2025، لووتکەی شەرم شێخ لە میسر بە ئامادەبوونی زیاتر لە 20 سەرکردەی وڵاتان بۆ ئاشتی غەززە بەڕێوەچوو، دواتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە لووتکەکەدا لە کاتی واژۆ کردنی ئاگربەستەکە گوتی: ئەمڕۆ ڕۆژێکی مەزنە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەرکردەی چەندان وڵات لێرە ئامادەن بۆ ئەوەی باس لە پرسی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەین، هەروەها لە کۆتاییدا دوای زیاتر لە سێ هەزار ساڵ، شەڕی غەززە کۆتایی هات؛ ئاماژەشی دا، ئاگربەستی غەززە زۆر گشتگیرە و باس لە هەموو یاسایەک دەکات.