ئەمەریکا ڕازیی نابێت چەکی حزبوڵڵا ڕادەستی لایەنێکی عێراقی بکرێت

سەرچاوە عێراقی و لوبنانییەکان ڕایانگەیاند، نێوەندگیران پێشنیازی ڕادەستکردنی چەکە ستراتیجییەکانی حزبوڵڵای لوبنان وەک 'ئەمانەت' بە لایەنێکی متمانەپێکراوی عێراقی کرد، بەڵام ئەمەریکا بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە پێشنیازەکەی ڕەت کردووەتەوە.

ڕۆژنامەی 'شەرقولئەوسەت' لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە "هەندێک کەسایەتیی لوبنانی و عێراقی، کە وەک لایەنێکی سەربەخۆ خۆیان بە ئەمەریکییەکان ناساندووە، پێشنیازیان کردووە وەک چارەیەکی مامناوەندی، چەکە ستراتیجییەکانی حزبوڵڵای لوبنان بە 'ئەمانەت' ڕادەستی لایەنێکی متمانەپێکراوی عێراقی بکرێت، بەڵام واشنتن ئەو پێشنازەی ڕەت کردووەتەوە."

حزبوڵڵای لوبنانی، کێشەی پاراستنی چەکەکانی هەیە، چونکە ئەگەر بۆ ماوەیەکی زۆر لە عەمبارەکاندا هەڵیان بگرێت، ئەوا ژەنگاوی دەبن و تێک دەچن. بەبێ مۆڵەتی ئێرانیش ناتوانێت بەکاریان بهێنێت. داخوازیی چەند لایەنێکيش بۆ ئەوەی مۆڵەتی حزبوڵڵا بدرێت بۆ بەرگریی لە خۆی، هەندێک لە چەکەکانی بهێڵێتەوە، دیسانەوە لە لایەن ئەمەریکاوە ڕەت کراوەتەوە. 

سەرچاوە ئاگەدارە لوبنانییەکان دەڵێن:" ئەمەریکا ئامادە نییە هیچ ئاسانکارییەک بەرانبەر حزبوڵڵا بکات ئەگەر لەسەر بنەمای ڕابردوو بێت. بەڵام ئامادەیە ڕێگە بە ئەندامانی حزبەکە بدات، بەبێ چەک، کاری سیاسی بکەن."

لایەنە شیعە عێراقییەکانیش جەخت لەوە دەکەنەوە، بەکارهێنانی چەکە ستراتیجییەکانی حزبوڵڵای لوبنانی پێویستی بە 'فەتوا'ی ئێران هەیە، بەڵام فشارەکانی ئەمەریکا گەلێک لە توانای گرووپەکانی سەر بە ئێران لە لوبنان و عێراق زۆرترە. چونکە هەڵوێستی ئەمەریکا بەرانبەر ئەو گرووپانە ڕۆژ بە ڕۆژ توندتر دەبێت و پێش هەموو شتێک دەیەوێت لە چەک دایانبماڵێت.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment