كتێبی 'آخر معارك الجنرال' له‌ په‌رله‌مانی عێراق ناسێنرا

نووسەرێکی کورد، ڕۆمانێک له‌ باره‌ی ژیان و خەباتی مەلا مستەفا بارزانی بە زمانی عەرەبی بڵاو دەکاتەوە و ئەمڕۆ لە پەرلەمانی عێراق لە ڕێوڕەسمێکدا بە ئامادەبووانی ناساند.

جان دۆست، ڕۆماننووسی کوردی ڕۆژئاوای کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە، 14ـی تشرینی یەکەمی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: چەند مانگێک پێش ئێستا ڕۆمانی "آخر معارک الجنرال" لە بەیرووتی پایته‌ختی لوبنان بە چاپ گەیاند و ئەمڕۆ لە پەرلەمانی عێراق بە فەرمی ڕێوڕەسمی ناساندنی بۆ کرا و لەلایەن ئامادەبووانەوە پێشوازییەکی زۆری لێکرا.

جان دۆست، گوتی: ناوەرۆکی ڕۆمانەکە باس لە خەبات و تێکۆشانی گەلی کورد دەکات لە باشووری کوردستان، هاوکات ژیان و خەباتی مەلا مستەفا بارزانی بەشێکی سەرەکی ئەو ڕۆمانەیە.

ئەو ڕۆماننووسە ئاماژەی بەوە دا، ڕۆمانەکە لە دواڕۆژەکانی مستەفا بارزانی دەست پێدەکات لە نەخۆشخانەی واشنتن و قۆناغ بە قۆناغ لە ڕێگەی بیرەوەرییەکانی باس لە خه‌بات و تێكۆشانی 100 ساڵی ڕابردوو دەکات و خواستی گەلی کورد بۆ سەربەخۆیی و بەرگریکردن لە مافە ڕەواییەکانی دەگێڕێتەوە.

هەروەها باسی لەوە کرد، ڕۆمانەكه‌ خێراتر لە کتێبی مێژوویی دەگاتە نێو خوێنەرانەوە. بۆیە بە پێویستی زانیوه‌ بیرەوەرییەکان و ڕووداوەکانی مێژوو بەشێوەی ڕۆمان بگێێەوە.

جان دۆست، ئەوە دەخاتە ڕوو، ڕۆمانەکەی بە زمانی عەرەبی نووسیوە، چونکە ئامانجی ئەوە بوو، تێکۆشانی گه‌لی کورد بخاتە بەر دیدی خوێنەرانی عەرەب، چونکە هەست بە هەبوونی بۆشایی دەکات لەم بوارە و دەیەوێت بگاتە سەرجەم وڵاتە عەرەبییەکان و خوێنه‌رانی عه‌ره‌ب.

جان دۆست، نووسەرێکی کوردی ڕۆژئاوای کوردستانە، لە ساڵی 1965 لە کۆبانێ لە دایک بووە، کتێبەکانی بە زمانی کوردی شێوەزاری کرمانجی و زمانی عەرەبی دەنووسێت، خاوەنی ژمارەیەک ڕۆمانی بە ناوبانگە و ڕه‌گه‌زنامه‌ی ئه‌ڵمانی هه‌یه‌.

 
 
Fly Erbil Advertisment