ئیسرائیل: بۆ هەرهێرشێکی گرووپە چەکدارەکان وەڵامی خێرامان دەبێت

وەزیری بەرگری ئیسرائیل رایگەیاند، پلانی وڵاتەکەی لە کەرتی غەززە ڕوون و ئاشکرایە، سوپا بە گوێرەی ئەو هێڵەی بۆی دیاریکراوە لە غەززە دەمێنێتەوە، هێزەکانمان لەوپەڕی ئامادە باشیدان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر هێرشێکی گرووپە چەکدارەکانی فەڵەستین. 

ئەمڕۆ چوارشەممە 15ـی تشرینی یەکەمی 2025، یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل ڕایگەیاند، سوپای وڵاتەکەی بە پێی ڕێنماییەکان کار دەکات، هەروەها سیاسەتێکی ئاشکرا بە درێژایی هێڵی زەرد جێبەجێ دەکات کە لە %50ـی خاکی غەززە دەگرێتەوە. 

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هۆشداریدا، بۆ هەر هێرش و پێشێلکارییەک کە بەرانبەریان ئەنجام بدرێت وەڵامی دەستبەجێیان دەبێت، گوتیشی: سیاسەتی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە لای ئیسرائیل ڕوون و ئاشکرایە، هەموو ئەو هەوڵە تیرۆریستیانەشمان پووچەڵ کردووەتەوە کە لەم ڕۆژانەدا دژی سوپاکەمان هەبووە. 

دوێنێ سێشەممە، 14ـی تشرینی یەکەم، لە هێرشێکی فرۆکەی بێ فرۆکەوانی ئیسرائیل لە خان یونس کەسێک کوژرا، چوار کەسی دیکەش بەهۆی تۆپبارانەکانی ئیسرائیل لە گەڕەکی شوجعیە کوژران، هەروەها سەرچاوە خۆجێییەکانی غەززەش ئاماژەیان بەوەکردووە، ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە باکووری ڕۆژئاوای ڕەفح تەقەیان لە هاووڵاتیان کردووە. 

لە بەرانبەردا سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، بە هۆی نزیک بوونەوەی گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە تەقەکردن ڕوویداوە، مەبەست لەمەش تەنیا ئاگادارکردنەوە بووە. 

ڕێککەوتنی ئاگربەستی ئێوان ئیسرائیل و حەماس دوای چەندین هەوڵی وڵاتانی نێوەندگیر و پلانەکەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو ڕاگەیندرا، لە قۆناغی یەکەمدا دەبێت ئیسرائیل هێزەکانی لە بەشێکی کەرتی غەززە بکشێنێتەوە، هەروەها تەواوی بارمتەکانی ئیسرائیل زیاتر لە 1700 زیندانیی فەڵەستینی ئازاد بکرێن، بەڵام سوپای ئیسرائیل تاوەکو ئێستا بە تەواوی لە خاکی فەڵەستین نەکشاوەتەوە و لە 53%ـی کەرتی غەززە لە ژێر دەسەڵاتی سوپای ئیسرائیل ماوەتەوە.

 
 
Fly Erbil Advertisment