لە ناوچە شاخاوییەکان دەست بە دابەشکردنی نەوتی سپی کرا

بەڕێوەبەری شارەدێی بالیسان ڕایگەیاند، دەستییان بە دابەشکردنی نەوتی سپی لە ناوچە شاخاوییەکان کردووە و داواش لە دانیشتووانی ناوچەکە دەکات بۆ وەرگرتنی بەشە نەوتی خۆیان سەردانی بەنزینخانەکانی ناوچەکە بکەن. 

شاخەوان عەبدوڵڵا سەکتانی، بەڕێوەبەری شارەدێی بالیسان بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، "بەپێی پلانێکی پێشوەختە، هەوڵدراوە نەوتی سپی پێش وەرزی زستان بەسەر هاووڵاتییان دابەش بکرێت، چونکە گوندە دوورە دەستەکان لە وەرزی زستاندا، بەهۆی سەختی سەرما، لە کاتی دابەشنەکردنی نەوتی سپی، پەنا دەبەنە بەر بڕینەوەی داروبارەکان، بەم جۆرەش لێپرسینەوەی یاساییان لەگەڵ دەکرێت و دەبێتە هۆی پیسبوونی ژینگە.

شاخەوان عەبدوڵڵا گوتیشی: لەم دوو ڕۆژەدا نەوتمان دابین کردووە و هاووڵاتییان دەتوانن لە ڕێگەی سەردانیکردنی بەنزینخانەکان بەشە نەوتی خۆیان وەربگرن.

هەروەها ئاماژەشی دا، لە سنووری شارەدێی بالیسان، زیاتر لە پێنج هەزار خێزان لە نەوتی سپی و بەشێکی دیکەی هاووڵاتییان کە دانیشتووی سنوورەکە نین سوودمەند دەبن، بەڵام بەشە خۆراکییەکەیان سەر بەو سنوورەیە دووبارە دەتوانێت سوودمەند بێت لە بەشە نەوتییەکەی خۆی.

میکانیزمی دابەشکردنی نەوتی سپی لە گوندەکان وەکوو ناوشار نییە و بەهۆی سەختی ڕێگاوبانەکان، پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی سەخت دەبێت، بۆیە ئەمساڵ لە سنووری شارەدێی بالیسان حکوومەت بەنزینخانەیەکی دیاری کردووە و هاووڵاتییان دەتوانن نەوت لەو بەنزینخانەیە وەربگرن و حکوومەت تێچووی بەنزینخانەکەی خستووەتە ئەستۆی خۆی.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment