هەولێر.. جۆرە سابوونێک قەدەغە کرا

تیمەکانی چاودێریی بازرگانی لە هەولێر دەستیان بەسەر بڕێکی زۆری بەرهەمێکدا گرت کە بە "سابوونی دوبەی" ناسراوە، ئەمەش دوای ئەوەی لێکۆڵینەوەکان دەریان خست کە بەرهەمەکە بە بانگەشەی ناڕاست و چەواشەکارانە فرۆشراوە. سابوونەکە گوایە ڕێگری لە قژ هەڵوەرین دەکات و یارمەتی گەشەکردنی قژی دەدات.

هۆگر عەلی، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی هەولێر بە کوردستان24ی ڕایگەیاند، تیمەکانیان دەستیان بەسەر بڕێکی زۆری ئەو بەرهەمەدا گرتووە کە بە "سابوونی دوبەی" ناسراوە، بەهۆی ئەوەی بە بانگەشەی چەواشەکارانە و ناڕاست بۆ چارەسەری قژ هەڵوەرین و گەشەی قژ فرۆشراوە، کە بووەتە هۆی فریودانی هاووڵاتییان،"

بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی هەولێر ڕوونی کردەوە. دوای بەدواداچوون و ناردنی نموونەی بەرهەمەکە بۆ پشکنینی تاقیگەیی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی کۆنترۆڵی جۆرییەوە، دەرکەوتووە سابوونەکە هیچ تایبەتمەندی و ماددەیەکی چارەسەری تێدا نییە. گوتیشی: "ئەنجامی پشکنینەکان دەریان خست کە ئەم سابوونە تەنیا بۆ پاککردنەوە بەکار دێت و هیچ بنەمایەکی زانستی نییە بۆ ئەو بانگەشانەی کە لەسەری نووسراوە."

هۆگر عەلی دەشڵێت: "لیژنەکانمان بە هاوکاریی پۆلیسی شارەوانی، دەستیان بە هەڵمەتێکی فراوان کردووە و لە هەر شوێنێک ئەم سابوونە بەو بانگەشە ناڕاستانەوە بفرۆشرێت، دەستی بەسەردا دەگیرێت و ڕێکاری یاسایی توند بەرانبەر خاوەنەکەی دەگیرێتە بەر." هاوکات ئەو فرۆشگەیەیان دەستبەجێ داخست کە ئەو سابوونەیان دەفرۆشت.

بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی هەولێر داوای لە هاووڵاتییان کرد کە وریای ڕێکلامی لەم جۆرە بن و باوەڕ بەو بەڵێنە بریقەدارانە نەکەن کە لە ڕووی زانستییەوە پشتڕاست نەکراونەتەوە.

ئاماژەشی داوە، بەرهەمەکە بە نرخێکی زۆر بەرز فرۆشراوە کە نزیکەی 35 هەزار دیناری عێراقی بووە، ئەمەش نرخێکی زۆر زیاترە لە بەهای ڕاستەقینەی خۆی وەک سابوونێکی ئاسایی. هەروەها بەڕێوەبەرایەتی چاودێریی بازرگانیی هەولێر بەردەوام پشکنین ئەنجام دەدات بۆ دڵنیابوون لە کوالێتی بەرهەمەکان و ڕێگریکردن لە فرۆشتنی کاڵای ماوە بەسەر چوو و قاچاخ لە بازاڕەکاندا.

 
 

Fly Erbil Advertisment