ترەمپ: حەماس بە ئاگربەست پابەند نەبێت، فەرمان بە ئیسرائیل دەکەم دەست بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی بکاتەوە

سەرۆکی ئەمەریکا دووبارەی هۆشداری دایەوە حەماس ئەگەر بە ئاگربەستی غەززە پابەند نەبن، فەرمان بە سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەکات دەست بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە کەرتی غەززە بکاتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە بەگوێرەی یەکێک لە خاڵەکانی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت حەماس تاوەکوو ئێستا هەموو بارمتەکانی ڕادەست بکردبا.
چوارشەممە 15ـی تشرینی یەکەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بە تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێنی ڕاگەیاندووە، ئەگەر حەماس پابەندی ئاگربەستەی غەززە نەبێت، ئەوا ڕێگە بە بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەدات دەست ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە غەززە بکاتەوە، ئاماژەشی داوە، پرسی غەززە بە خێرایی چارەسەر دەبێت."
لە خاڵی 4ی پلانی ئاشتیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هاتووە، " دوای ڕازیبوونی ئیسرائیل بە ئاگربەست، دەبێت حەماس لە 72 کاتژمێردا هەموو بارمتەکان بگەڕێنێتەوە؛ بەڵام تاوەکوو ئێستا حەماس 20 بارمتەی زیندووی ئازاد کردووە و تەنیا چوار تەرمی بارمتەکانی ڕادەست کردووە.
دۆناڵد ترەمپ دەشڵێت: " لە ئاگربەستی غەززە 59 وڵات بەشدارن، کە هەرگیز لە مێژوودا ڕووداوی ئاوا نەبووە، ئێستا هەمووی دەیانەوێت ببنە بەشێک لە ڕێککەوتنی ئەبراهام، لە نێوانیاندا ئێرانیش هەیە."
لای خۆیەوە حەماس ڕایگەیاندووە، بە ئاگربەستی غەززە پابەندن و هەموو بارمتە زیندووەکانیان ڕادەستی ئیسرائیل کردووە و ژمارەیەک لە تەرمی بارمتەکانیشی داوەتە دەستی ڕێکخراوی خاچی سوور دەشڵێت، لە دۆزینەوەی تەرمی بارمتەکانی دیکە بەردەوامن.
هەروەها سوپای ئیسرائیل ئاماژەی داوە، هێزەکانیان تەرمی دوو بارەمتەیان لە ڕێکخراوی خاچی سوورەوە وەرگرتووەتەوە.
هاوکات باسی لەوە کرد لە کارکردن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا بەردەوامە و ڕۆژی هەینی 17ـی تشرینی یەکەمی 2025، لە کۆشکی سپی لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا کۆدەبێتەوە.ترەمپ گوتیشی: "من بە جددی کار لەسەر جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا دەکەم."
لە پرسیاری ئەوەی کە کامەیان دەستکەوتێکی گەورەتر دەبێت، ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یان کۆتاییهێنانی جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا، سەرۆکی ئەمەریکا گوتی: " یەکێکیان سێ ساڵە بەردەوامە(ئۆکرانیا و ڕووسیا)، ئەوی تریان سێ هەزار ساڵە(فەڵەستین و ئیسرائیل)."
یەکێک لە خاڵە مشتومڕەکان و ئاستەنگەکەن لە ئاگربەستی غەززە، بابەتی چەکدانانی حەماسە، کە ئەو بزووتنەوەیە ڕەتی دەکاتەوە چەک دابنێت، سەرۆکی ئەمەریکا پێشتر لەو بارەوە ڕایگەیاندبووە، هەرچەندە حەماس پێی گوتووە چەکدادەنێن، بەڵام ئەگەر ئەو کارە نەکەن ئەوا بە هێز چەکیان پێ دادەنێت.