شەرع: پەرە بە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ڕووسیا دەدەین

سەرۆک کۆماری سووریا، نیازی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیی ستراتیژی لەگەڵ ڕووسیا دووپات کردەوە. لای خۆیەوە پوتنیش ئاماژەی بە پەیوەندی قووڵی مێژوویی نێوان هەردوو وڵات کرد، هاوکات جەختی لە گرنگی دەستپێکردنەوەی کارەکانی لیژنەی هاوبەشی ڕووسیا و سووریا کردەوە.
چوارشەممە 15ـی تشرینی یەکەمی 2025، ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆماری سووریا لە مۆسکۆ لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن، سەرۆک کۆماری ڕووسیا کۆبووەوە.
ئاژانسی هەواڵی فەرمیی سووریا لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، لە میانەی کۆبوونەوەکەی نێوان شەرع و پوتندا، پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و ڕێگەکانی بەرزکردنەوەی هەماهەنگیی ستراتیژی لە بوارە جیاجیاکان تاوتوێ کران.
هاوکات لە کۆبوونەوەکەدا، شەرع جەختی لە قووڵی پەیوەندییە لەمێژینەکانی نێوان هەردوو وڵات کردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، سووریا ئێستا بە قۆناغێکی نوێدا تێدەپەڕێت و هەوڵ دەدات پەیوەندییە سیاسی و ستراتیژییەکانی لەگەڵ وڵاتانی هەرێمیی و نێودەوڵەتیدا بنیات بنێتەوە، کە دیارترینیان ڕووسیایە.
لە درێژەی قسەکانیدا، سەرۆک کۆماری سووریا سەرنجی بۆ ئەوە ڕاکێشا، دیمەشق و مۆسکۆ پابەندن بە پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوانیان، ئەمە جگە لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و بەرژەوەندیی هاوبەش لە چەند بوارێکی جیوازدا، بە تایبەتی لە کەرتی وزەدا تا ڕادەیەکی زۆر دیمەشق پشت بە شارەزایانی ڕووسیا دەبەستێت.
بە پێی ئاژانسی سانا، شەرع لە کۆتایی قسەکانیدا ئەوەشی خستەڕوو، ڕێز لە هەموو ڕێککەوتنەکانی پێشوو لەگەڵ ڕووسیا دەگرین، هەوڵیش دەدەین دووبارە ئەو ڕێککەوتنانە نوێ بکەینەوە.

لای خۆیەوە ڤلادیمێر پوتن، سەرۆک کۆماری ڕووسیا، خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆماری سووریا، بۆ مۆسکۆ دەربڕی.
پوتن لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی بە پەیوەندییەکانی نێوان ڕووسیا و سووریا دا و گوتی: پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات زیاتر لە 80 ساڵە بەردەوامە.
سەرۆکی ڕووسیا، جەختی لە گرنگی دەستپێکردنەوەی کارەکانی لیژنەی هاوبەشی ڕووسیا و سووریا کردەوە، کە ساڵی 1993 بۆ یەکەمجار دەستی پێکرد.
لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوەش کرد، زۆر بیرۆکەی گرنگ دەستنیشان کراون، هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ جێبەجێکردنی لە لایەن لیژنە هاوبەشەکە، ئێستا هەردوولامان لەسەر ڕاوێژکاری و هەماهەنگیی بەردەوام ڕێککەوتووین.
سەردانی شەرع بۆ ڕووسیا
بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 15ـی تشرینی یەکەمی 2025، سەرۆکایەتیی سووریا بڵاوی کردەوە، ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆماری سووریا سەردانی ڕووسیا دەکات و ئامانجی سەردانەکەش پەیوەندییەکانی نێوان دیمەشق و مۆسکۆ دەبێت لەگەڵ تاتوێی بارودۆخی ناوچەکە و سەقامگیریی سووریا.
سەردانەکەی شەرع بۆ مۆسکۆ بە یاوەری ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوە، مورهەف ئەبو قەسرە ، وەزیری بەرگری و حوسێن سەلامه، سەرۆکی هەواڵگریی سووریایە.
سەردانەکەی شەرع بۆ ڕووسیا دەبێتە یەکەم سەردانی ناوبراو بۆ وڵاتەکە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد.
دوای نزیکەی 14 ساڵ لە شەڕی ناوخۆ، دواجار هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا لە 8ـی کانوونی یەکەمی ساڵی 2024ـە، کۆتاییان بە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە سووریا هێنا.