کەمال خەرازی: ئێران دانوستان لەسەر پرسی مووشەک و بەرەی مقاوەمە ناکات

کەمال خەرازی، سەرۆکی ئەنجوومەنی ستراتژیی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، ئەنجامی دانوستانە ئەتۆمییەکانی ئەم دواییە دەریخستووە لایەنی بەرانبەر (وڵاتانی ڕۆژئاوا) باوەڕیان بە "گفتوگۆی عەقڵانی" نییە و هەوڵدەدەن بە سەپاندنەوەی سزاکان، دانوستان لە پرسی ئەتۆمی تێپەڕێنن.

لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ماڵپەڕی فەرمی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، خەرازی جەختی کردووتەوە، پرسی بەرنامەی مووشەکی و پشتیوانی بەرەی مقاوەمە، بابەتی دانوستان نین و تاران بە هیچ شێوەیەک قبووڵی ناکات بچێتە ناو هیچ مشتومڕێک لەبارەیانەوە.

خەرازی ئاماژەی بەوەداوە، لە کاتی سەردانی مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆمار و عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ نیویۆرک، هەوڵێکی زۆریاندا بۆ ئەوەی دانوستانێکی ئەنجامدار و بەرجەستە کراو بەدی بێنن، بەڵام لایەنە بەرانبەرەکان ئەمەیان ڕەتکردەوە. 

سەرۆکی ئەنجوومەنی ستراتژیی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئێران، هەوڵە بێ ئاکامەکانی نیویۆرکی پزیشکیان و عڕاقچی بە هەڵوێست و بەهێزیی پێگەی ئێران و بێهێزی وڵاتانی ڕۆژئاوا ناوبردووە و دەڵێت: ئەوان لە ڕێگەی هێزەوە هەوڵی گەیشتن بە ئامانجەکانیان دەدەن.

خەرازی دەڵێت: شاندی دانوستانکاری ئێران هەمیشە هەوڵیداوە لە گۆڕەپانی دانوستاندا بمێنێتەوە و نەکشێتەوە، بەڵام تاران هیچ بژاردەیەکی دیکەی نییە جگە لە ڕوونکردنەوەی هەڵوێستی خۆی بۆ ڕای گشتیی و نیشاندانی ئامادەیی بۆ دانوستان، بەبێ ئەوەی ملکەچی هیچ فشار و دیکتاتۆرێک بێت.

ئەم ناکۆکیانە لە کاتێکدایە کە وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئیسرائیل گومانیان هەیە، ئێران لە پشت پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەیەوە هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی دەدات، تۆمەتێک کە تاران بەردەوام ڕەتیدەکاتەوە و جەخت لەسەر مافی خۆی بۆ بەکارهێنانی وزەی ئەتۆمی بۆ مەبەستی ئاشتیانە دەکاتەوە.

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment