حەسەن ڕۆحانی هۆشداری لە دووبارەبوونەوەی جەنگ دەدات

حەسەن ڕۆحانی، سەرۆکی پێشووتری کۆماری ئیسلامی ئێران، دەڵێت: ئەگەر ئاستی توانای میللی، سەربازی و سیاسیمان بەهێز نەکەین، دووبارە جەنگ ڕوو دەدات.

پێنجشەممە 16ـی تشرینی یەکەمی 2025، ماڵپەڕی ڕۆژنامەی (ئیتڵاعات) گرتەڤیدیۆیەکی بڵاو کردووەتەوە تێیدا، حەسەن ڕۆحانی، سەرۆک کۆماری پێشووتری ئێران، دەڵێت: ئەگەر بمانەوێت جارێکی تر جەنگ ڕوو نەدات، دەبێ توانا سەربازی، هەواڵگری، سیاسی و دیپلۆماسی و پێش هەمووان، توانا میللییەکانمان بەهێز بکەین. 

ڕۆحانی، لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: حکوومەت و دەسەڵاتی ئێران دەبێت وەڵامی داخوازییەکانی خەڵک بدەنەوە. باری ئابووری چاک بکەن و کارێک بکەن کە گەلی ئێران هیوای بە داهاتوو هەبێت.

سەرۆک کۆماری پێشووتری ئێران، لە کۆتایی قسەکانیدا دەڵێت: مەبەستی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران لەوەی "دۆخی نە  جەنگ، نە ئاشتی لە قازانجی ئێمەدا نییە" ئەوەیە کە دەبێ ئێمە بە بەهێزکردنی تواناکانمان ڕێگریی لە ڕوودانی جەنگ بکەین.

ماڵپەڕەکەی ئیتڵاعات، ڕوونی نەکردووەتەوە حەسەن ڕۆحانی، ئەو قسانەی کەی و لە چ  بۆنەیەکدا کردووە؟

 
 
Fly Erbil Advertisment