وەزیری جەنگی ئەمەریکا هۆشداری دەداتە مۆسکۆ

پیت هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمەریکا، هۆشدارییەکی ئاراستەی مۆسکۆ کرد و ڕایگەیاند، ئەگەر ڕووسیا کۆتایی بە شەڕی ئۆکرانیا نەهێنێت، واشنتن و هاوپەیمانەکانی "سزای قورس بەسەر مۆسکۆدا دەسەپێنن".
لە میانی کۆبوونەوەی "گرووپی پەیوەندیی بەرگریی ئۆکرانیا" لە بارەگای ناتۆ، کە هاوپەیمانەکانی کیێڤ لەخۆدەگرێت، هێگسێت گوتی: "کاتی ئەوە هاتووە شەڕەکە کۆتایی پێبهێندرێت و بگەڕێینەوە سەر مێزی ئاشتی." جەختیشی کردەوە، ئەگەر پێویست بکات، "وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا ئامادەیە بە شێوازێک بەشداری بکات کە تەنیا ئەمەریکا دەتوانێت."
وەزیری جەنگی ئەمەریکا، بە ئاماژەدان بە ئیدارەی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ، گوتی: "ئەمە شەڕێکە لەسەردەمی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ دەستی پێنەکردووە، بەڵام لەسەردەمی ئەو کۆتایی دێت."
هێگسێت داواشی لە وڵاتانی ئەندامی ناتۆ کرد، خەرجییەکانیان بۆ کڕینی چەکی ئەمەریکی بۆ ئۆکرانیا زیاد بکەن. ئەم داواکارییە دوای ئەوە هات ڕاپۆرتێک ئاشکرای کردبوو پشتیوانییە سەربازییەکانی ڕۆژئاوا بۆ کیێڤ لە مانگەکانی تەممووز و ئابدا بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە.
ئیدارەی ترەمپ تاوتوێی داواکارییەکی ئۆکرانیا دەکات بۆ وەرگرتنی مووشەکی دوورمەودای جۆری "تۆماهۆک".
مووشەکی تۆماهۆک مەودای 2,500 کیلۆمەتر دەبڕێت، ئەمەش واتای ئەوەیە ئەگەر ئۆکرانیا ئەو مووشەکانە بەدەست بهێنێت، مۆسكۆ و تەواوی بەشە ئەورووپییەکەی ڕووسیا دەبنە ئامانج.
مووشەکی تۆماهۆک لە ساڵی 1983 دوای ماوەیەکی زۆر لە تاقیکردنەوە هاتە خزمەتی هێزە دەریاییەکانی ئەمەریکا. چوار دیزاینی مووشەکی تۆماهۆک هەیە، کە یەکێکیان بە کڵاوەی ئەتۆمی و یەکێکی دیکەشیان بە کڵاوەی ئاسایی و دروست کراون و ئەوانیدیکەش جۆرێکیان لە زەوییەوە هەڵدەدرێت و ئەوی دیکەش لە ژێردەریادا.
مووشەکی تۆماهۆک، کەشوهەوا کاری لێناکات و دوورهاوێژە، بۆ پێکانی مەودای دوور بەکاردێت، قەبارەی بچووکە و به ئاسانی ناتوانرێت ئاشكرا بكرێت.
ئەم مووشەکە سیستمی ڕووپێوی تۆپۆگرافی لە ڕێگای ئامێری AN/DPW-23 بەکار دەهێنێت. سیستەمێکی دیکەی وێنەیی بۆ ئەم مووشەکە دانراوە، کە وێنەی تۆپۆگرافیا ئەپلۆد دەکات و بەراوردی دەکات لەگەڵ ئەو وێنەیەی، کە لە کۆمپیتەری تایبەت بە مووشەکەکەیە، بەمەش دیقەکەی بۆ 10 مەتر زیاد دەکات بۆ شوێنی نیشانەکە. لە ساڵی ههشتاكانی سهدهی ڕابردووهوه پەرەی پێدراوە و تاوەکوو ئێستا 9 جۆر لەم مووشەکە هەیە.