کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی ئێران بە ئاشکرا کەوتنە جووڵە

بۆ یەکەمجار دوای حەوت ساڵ و نیو، شوێنی جوگرافیی کەشتییە نەوتکهەڵگرەکانی ئێران دووبارە لەسەر نەخشەی جیهانی دەرکەوتنەوە. ئێستا داتاکانی سیستەمی نێودەوڵەتیی (AIS) دەری دەخەن کە بەشی زۆری کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی ئێران، شوێنی ڕاستەقینەی خۆیان بەبێ هیچ ساختەکارییەک یان کوژاندنەوەی سیستەمی جی پێ ئێس، ڕادەگەیەنن.

ڕۆژنامەی 'هەممهیەن' لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە "لە ساڵی 2018 وە و دوای دەستپێکردنی گەمارۆکانی سەر کەرتی نەوت، ئێران بە شێوەیەکی نهێنی نەوتی هەناردە دەکرد. ئێستا بە گۆڕانی بارودۆخی گەمارۆکان و دەستپێکردنی میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکان، ئێران بڕیاری داوە شەفافییەتی هەناردەکردنی نەوتەکەی زیاتر بکات، دەتوانین بڵێین دوای حەوت ساڵ و نیو، ڕەوتی گواستنەوەی نەوتی ئێران ئاشکرا بووە."

عەبدوڵا باباخانی، شارەزای بواری وزە، لەم بارەیەوە دەڵێت: ئەگەر ئەم ڕەوتە بەردەوام بێت، دەکرێت وەک گرنگترین نیشانەی گۆڕانی ڕەفتاری هەناردەکردنی ئێران لە ساڵی 2018ـەوە تا ئێستا سەیر بکرێت. جووڵەیەکی لەم شێوەیە دەکرێت پێشەکییەک بێت بۆ گەڕانەوەیەکی سنووردار بۆ شەفافییەتی دەریایی، یان نیشانەیەک بێت بۆ دانوستانی نهێنی سەبارەت بە ئاسایشی ڕێڕەوەکانی وزە لە کەنداودا.

پەیامێکی سیاسی

لە ساڵی 2018ـەوە، هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی گەمارۆکان دژی ئێران، ڕێڕەوی هەناردەکردنی نەوتی ئێران گۆڕا و لەو کاتەوە تا ئەمڕۆ، سیستەمی 'جی پی ئێس'ـی کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی ئێران دەکوژێنرانەوە و ڕێڕەوی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان بە نهێنی دەمایەوە.

کوژاندنەوەی سیستەمی داتای دەریایی نێودەوڵەتی، ئامرازێکی سەرەکی بوو بۆ گواستنەوەی نەوت و خۆلادان لە گەمارۆکان. لە حەوت ساڵی ڕابردوودا، کەشتییەکان بە نهێنی لە نێوان ئاوەکانی کەنداوی فارس، ناوچە ئاسیاییەکان و ڕێڕەوە دوورەکانی چین یان مالیزیا هاتوچۆیان دەکرد، بەو هۆیەشەوە، بارودۆخی بیمەی باشیشیان نەبوو و لە کاتی ڕوودانی هەر کێشەیەکدا، دەبوو تێچوویەکی زۆر لەلایەن وڵاتی سەرچاوە، واتە ئێرانەوە، بدرێت و بیمەکەش بەشی تێچووی زیانەکانی نەدەکرد.

چالاکوانانی بواری وزە دەڵێن "ئەم هەنگاوە دەکرێت ئاماژەیەکی ئەرێیی ئێران بێت بۆ دامەزراوە چاودێرییەکان، یان نیشانەیەک بێت بۆ ئامادەیی بۆ مامەڵەیەکی فەرمیتر لە بازاڕە جیهانییەکاندا، یان پەیامێکی سیاسی بێت بۆ ڕۆژئاوا."
 بە گوتەی یەکێک لە چالاکوانانی بواری وزە، شەفافبوونی شوێنی کەشتییەکان دەتوانێت پێشمەرجێک بێت بۆ دەستپێکردنی دانوستانی تەکنیکی یان چاودێری؛ بۆ نموونە، لە چوارچێوەی ڕێڕەوەکانی وزە یان ڕێککەوتنی سنوورداری 'نەوت بەرانبەر بە کاڵا'.

سێ گریمانە

بۆ ئەم شەفافیەتە چەندین گریمانە هەن؛ یەکەمیان لە ئاستی ناوخۆییدایە، کە هەندێک باس لە فەرمانی ڕاستەوخۆ دەکەن بۆ هەماهەنگی لەگەڵ کۆمپانیاکانی بیمە و کەشتیڕانی و هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی مەترسیی دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکان لە ئاوە ئازادەکان و دووبارە بنیاتنانەوەی متمانەی کڕیارە ئاسیاییەکان، بەتایبەتی چین.

گریمانەی دووەم، ڕێککەوتنێکی کاتی و لابردنی بەشێک لە گەمارۆکانە؛ گۆڕانێکی تەواو فەرمی کە ڕێگە بە ئێران دەدات نەوتەکەی بە تێچوویەکی کەمتر و ئاسایشێکی بەرزتر، بگەیەنێتە بازاڕەکان. هەندێک لە شارەزایانی بواری وزە پێیانوایە کە گریمانەی دووەم لەم بارودۆخەی ئێستادا ئەوە بێت کە ئێران لەمەودوا دەتوانێت بە جۆرێک لە جۆرەکان بە شێوەیەکی نافەرمی کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی لە ئاوە ئازادەکاندا بجووڵێنێت.

ئەگەر ئەم ڕەوتە بەردەوام بێت و داتای کەشتییە نەوتییەکانی ئێران لە ڕۆژانی داهاتوودا لەسەر سیستەمی نێودەوڵەتی (AIS) نیشان بدرێت، ئەوە ئاماژەیە کە پێگەی ئێران لە ڕێڕەوی هەناردەکردن و گەمارۆکاندا گۆڕاوە و وڵاتەکە چووەتە قۆناغێکی ئابووری و سیاسیی نوێوە. لە بنەڕەتدا، گەڕانەوەی داتای ئەم کەشتییە نەوتییانە دەتوانێت یەکەم هەنگاو بێت بۆ شەفافیەت و دووبارە بنیاتنانەوەی لەسەرخۆی پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ بازاڕە جیهانییەکانی نەوت. تا ئێستا هیچ هەواڵێکی فەرمی لەم بارەیەوە بڵاو نەکراوەتەوە و دیار نییە کە ئەم ڕەوتە تا کەی بەردەوام دەبێت؛ ئایا کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی ئێران لەسەر نەخشەکان دەمێننەوە یان نا؟

بێگومان گریمانەیەکی دیکەش هەیە؛ ئەویش ئەگەری پاشەکشەی ئێرانە. واتە، لە ڕۆژانی داهاتوودا دووبارە شوێنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی ئێران لەسەر نەخشەکان بشاردرێنەوە و وڵاتەکە بگەڕێتەوە بۆ هەمان ستراتیجیی پێشووی خۆی، یانی هەناردەکردنی نهێنی. ئێستا دەبێت بزانین لە ڕۆژانی داهاتوودا شوێنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی ئێران لە ڕۆژانی داهاتوودا وەک ئێستا دەمێننەوە، یان دیسانەوە سیستەمەکانی جی پی ئێس دەکوژێننەوە؟ هەروەها ئایا بەرپرسانی ئێرانی لەم بارەیەوە هیچ کاردانەوەیەکیان دەبێت یان نا؟

کەمکردنەوەی تێچووی هەناردەکردنی نەوت

حەمید حوسێنی، شارەزای وزە و گوتەبێژی یەکێتیی هەناردەکارانی بەرهەمە نەوتی و گازی و پترۆکیمیاییەکان، دەڵێت: "ڕووداوەکانی ئەم دواییە بە تەواوی پەیوەستن بە بارودۆخی نوێی گەمارۆکان و ڕەفتاری وڵاتانی ئەورووپایی و ئەمەریکا بەرانبەر ئێران. لە ساڵانی ڕابردوودا، کوژاندنەوەی سیستەمی ناسینەوەی ئۆتۆماتیکی (AIS) بۆ ئێمە ڕێگایەک بوو بۆ ڕێگریکردن لە مەترسیی دەستبەسەرداگرتنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان. کاتێک کەشتییەکە ناناسرێتەوە و شوێنەکەی ساختەیە، وڵاتی بەرامبەر نازانێت چ بارێکی هەڵگرتووە و بەرەو کوێ دەڕوات و فشاری سیاسی بۆ دەستبەسەرداگرتن کەم دەبێتەوە. بەڵام ئێستا بارودۆخەکە گۆڕاوە؛ گەیشتووینەتە قۆناغێک کە دەبێت شەفافتر بین، چونکە هەم هەڕەشەکان کەمتر بوونەتەوە و هەم تێچووی خۆشاردنەوە بەرز بووەتەوە.

حوسێنی، ئاماژەی بە میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکان کرد و گوتی: دوای کاراکردنەوەی میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکان، ئێران ویستی نیشانی بدات کە ئەمە کاریگەرییەکی کردەیی لەسەر شێوازی هەناردەکردنی نابێت. بە زمانی دیپلۆماسی، ئاشکراکردنی شوێنی ڕاستەقینەی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان، پەیامێکە کە ئێران ڕێڕەوی فرۆشتنی خۆی پاراستووە و سەرەڕای هەڕەشە سیاسییەکان، بێدەنگ نابێت. لە ڕاستیدا، ئەم کارە دەتوانێت وەڵامێکی نەرم بێت بۆ فشارە سیاسییەکانی ڕۆژئاوا و لە هەمان کاتدا بیرهێنانەوەی ئەوەی "ئێران بەبێ گۆڕانی فەرمی لە گەمارۆکاندا دەتوانێت ڕێگای یاساییتر بۆ هەناردەکردنی نەوت بدۆزێتەوە. 

ئەم شارەزایەی بواری وزە گوتیشی: ئەمڕۆ جیهانی وزە بەدوای هاوسەنگیدا دەگەڕێت، نەک سڕینەوەی یاریزانەکان. بەم دۆخەوە، ئێران دەتوانێت بە شەفافییەتێکی ڕێژەیی، هەم لە بازاڕدا بمێنێتەوە و هەم پەیامی سیاسی بدات کە شێوازی هەناردەکردنی نەوتەکەی متمانەی زیاتری لەسەرە؛ ئەمە ڕێک ئەوەیە کە کڕیارە ئاسیاییەکان، بەتایبەتی چین، بەدوایدا دەگەڕێن.

 

 
 
Fly Erbil Advertisment